کۆمیسیۆن: بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەڵەبجە دەکرێتە بازنەیەکی سەربەخۆ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، میوانی بوڵتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆسەی ژمارەپێدان بە هاوپەیمانی، حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان لە بەغدا دەکرێت، کە لە ژمارە 201ەوە دەستپێدەکات."
نەبەرد عومەر گوتی، "لە سەرتاسەری عێراق، 31 هاوپەیمانی، 38 حیزب، 23 بەربژێری سەربەخۆ و 53 بەربژێری پێکهاتەکان خۆیان تۆمارکردووە. لە هەرێمی کوردستان 10 حیزب خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام هیچ هاوپەیمانییەک تۆمارنەکراوە."
هەرێمی کوردستان لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و هەڵەبجە نەکراوەتە بازنەیەکی سەربەخۆ، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە کار بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2023 دەکەین، کە لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لەسەر درا، ئەوکاتە هەڵەبجە پارێزگا نەبوو، تەنانەت دوای ئەوەی وادەی هەڵبژاردن دیاریکرا ئینجا هەڵەبجە کرایە پارێزگا، بۆیە هەر لەسەر بازنەی سلێمانی هەژمار دەکرێت."
دڵنیاییشی دا لەوەی، "بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەڵەبجە وەکو بازنەیەکی سەربەخۆ دیاری دەکرێت."
بازنەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانیان بەمجۆرەیە:
- هەولێر 15 کورسی + کورسییەک بۆ پێکهاتەکان
- سلێمانی 17 کورسی + کورسییەک بۆ پێکهاتەکان
- دهۆک 11 کورسی + کورسییەک بۆ پێکهاتەکان
لەبارەی کارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردن، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو کەسانەی فۆڕمی بوونە کارمەندی سەر سندووقیان پڕکردووەتەوە، سبەی دوا مۆڵەتیان دەبێت بۆ رادەستکردنی فۆڕمەکانیان بە نزیکترین بنکەی تۆمار لە ناوچەکەیاندا، بەپێچەوانەوە مافیان دەفەوتێت."
بۆ سندووقەکانی دەنگدان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێویستی بە 43 هەزار کارمەندە؛ 122 هەزار کەس بۆ ئەو مەبەستە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.