پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان: بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئێران دەبینەوە

09-09-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆیە
A+ A-

رووداو - هەولێر

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی لە خەڵکی رۆژهەڵات دەکەن و راشیدەگەیێنن بە "هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە" رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان.

ئەو پێنج لایەنە لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا دەڵێن "داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین رۆژی دووشەمەی داهاتوو بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن". 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راشیگەیاندووە "بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی ئەو رژێمە دەبینەوە".

دەقی راگەیێندراوەکە:

رۆژی 17ی خەرمانی ئەمساڵ (8ی سیپتامبری 2018) رژێمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی رەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. راست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو رژێمە سێ بەندیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و رامین حسێن پەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، 13 کەس لە ئەندامانی رێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی 40 کەس لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانی کوردی رۆژهەڵات بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی سێ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، هەر وەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکات. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لەگەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەر چی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین.

تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبووندا دەبێ، ئەگەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو وڵامێکی ددانشکێن بەرەوڕووی ئەو رژێمە نەبنەوە. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین رۆژی دووشەمەی داهاتوو، 19ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان وبازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و "نا"گوتنی خۆتان بەو رژێمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشانبدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لەنێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن.

رسوایی و نەمان بۆ رژێمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران،
سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد،

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

پێکهاتوو لە:
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستان

18ی خەمانانی 1397
9ی سیپتامبری 2018

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە