رووداو-هەولێر
بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی باکووری کوردستان بە رێپێوان بچە چیای جوودی، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بڕینەوەی دار و تێکدانی سرووشتی ناوچەکە کە ماوەیەک هەڵمەتێکی بەرفران بۆ بڕینەوە و تێکدانی سرووشت دەستیپێکردووە.
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی شارەدێی پەری کە سەر بە هەدەپە بوو و، قەیووم لە شوێنی دانراوە رایگەیاند، رۆژی 17ی ئەیلوول رێپێوانێکی ئاشتییانە بۆ چیای جودی دەکەن. ئەو لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای لە دێرسمییەکان کرد بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن.
ئۆرهان چەلەبی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی پەری گوتی: "نزیکەی دوو مانگە دارستانەکانی شرناخیش هاوشێوەی دارستانەکانی خۆزاتی دێرسم قڕ دەکرێن و دەکرێنە خەڵووز. 17ی ئەیلوول بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژیی دارستانەکانی شرناخ لە هەرچوارلای تورکیاوە روو لە شارۆچکەی جزیر دەکەین و دەڵێین: نا بۆ کۆمەڵکوژی".
لە چیای جوودی و دەیان ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان، ماوەی دوو ساڵە بە مۆڵەتی پارێزگا بڕینی داری دارستانەکان بەردەوامە. رۆژانە دەیان بارهەڵگر سەدان تۆن لەو دارە بڕاوانە دەگوازنەوە شارەکانی تورکیا.
گوتەبێژی هەدەپە رۆژی پێنجشەممە لە ئەنقەرە داوای لە خەڵک کرد بەشداری لەو رێپێوانە بکەن کە 17ی ئەیلوول لە شارۆچکەی جزیری شرناخەوە بۆ چیای جوودی دەکرێت.
ئەبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە باسی لەوە کرد، دارستان و سرووشتی ناوچە رۆژ دوای رۆژ زیاتر تێکدەدرێت. تەنیا لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 8٪ـی داری دارستانەکانی شرناخ بڕاونەتەوە.
جگە لە چیای جوودی و ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای شرناخ، لە دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزاتی دێرسمیش زیاتر لە مانگیکە بڕینی دار بەبێ تەندەر دەستیپێکردووە. دەیان هەزار دار دەبڕدرێن و دوای ئەوەی دەکرێنە خەڵوز، دەخرێنە بازاڕەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
