کێشە لەسەر 7 گرێبەستی زەویی جووتیارانی کوردی خورماتوو دروست دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کێشەى نزیکەى 50 گرێبەستى کشتوکاڵى دوو گوندى قەزاى خورماتوو سەر هەڵدەداتەوە و "بڕیارێکى دادگە جێبەجێ دەکرێت" بۆ ئەوەى حەوت گرێبەست لە جووتیارانى کورد وەربگیرێتەوە و بخرێنە سەر ناوی جووتیارى عەرەب. پارێزگارى سەلاحەددینیش دەڵێت: "بڕیارى دادگە جێبەجێ دەکەین."
ئەو کێشەیە لەدواى ئەوە گەورە بووە کە ئیدارەى پارێزگاى سەڵاحەددین بڕیاریداوە بڕیارێکى دادگە جێبەجێ بکات بۆ ئەوەى حەوت گرێبەستى زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەردوو گوندى تەپە سەوز و حلێوە لە قەزاى خورماتوو بخرێنە سەر جووتیارانى عەرەب کە بەدەست کوردەوە بوون.
سێشەممە 9ى ئەیلوولى 2025، یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددین بە رووداوى گوت: "ماوەیەک بڕیارى دادگەمان راگرت بۆ ئەوەى کێشەکە چارەسەر بکرێت و جووتیارانى کورد بەڵگەنامەکانیان بهێنن بۆ ئەوەى خاوەندارێتیى ئەو زەوییانە بسەلمێنن، بەڵام ئێستا ئیدارەى شارەکە دەستى بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگە کردووە."
نزیکەى 50 گرێبەستى کشتوکاڵى سنوورى ئەو دوو گوندەى خورماتوو کێشەى یاساییان لەسەرە کە بەدەست جووتیارانى کوردەوەن. دادگە بڕیارى لەسەر 7 گرێبەستیان داوە بەوەى بە ناوی جووتیارانی عەرەبەوە بکرێن.
رۆژى دووشەممە 8ى ئەیلوول، بەدر فەحل، پارێزگارى سەڵاحەددین بە رۆژنامەنووسانى گوت: "بڕیارێکى دادگە هەبوو بۆ ئەوەى ئەو زەوییانە رادەستى جووتیارانى عەرەب بکرێن و ماوەیەک دەرفەتمان دا بە جووتیارانى کورد بۆ ئەوەى بەڵگەیەکیان لە هەر دادگەیەک بهێنن. بڕیارى دادگە دەرچووە و بە ویستى خودا فەرمانى رادەستکردنى زەوییەکان دەکەین."
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى پارێزگاى سەلاحەددین وەریگرتووە، ئەو 7 گرێبەستە زیاتر لە 200 دۆنم زەوین و بە تێکڕاى ئەو 50 گرێبەستەش کە کێشەیان لەسەرە رووبەرى زەوییەکانیان 1800 دۆنم دەبێت.
ئەو دوو گوندە دەکەونە رۆژاواى قەزاى خورماتوو کە ناوچەیەکى کوردستانیى کێشەلەسەرە، لە ساڵى 1987 لە جووتیارانى کورد داگیرکراوە و بە گرێبەست دراوەتە جووتیارانى عەرەب، دواى 2003 جووتیارانى کورد ئەو زەوییانەیان وەرگرتووەتەوە.