سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بازرگانیی ئەمەریکی دەکات

09-09-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و کۆمپانیا فرەجۆرەکانی ئەمەریکا کرد.
 
لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئامادەبوون، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان تاوتوێ کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە، شاندە ئەمەریکییەکە لەلایەن ستیڤ لوتس، بەڕێوبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، سەرۆکایەتی دەکرا. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستانیش لە دیدارەکەدا ئامادە بوون.
 
لە گفتوگۆکاندا، "گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا دووپات کرایەوە."
 
"بیروڕا لەسەر چۆنیەتیی زیادکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و رەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەتی لە کایەکانی وزە، کاری بانکی، تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت. 
 
فەوزی هەریری سوپاسی هەوڵەکانی ژووری بازرگانیی ئەمەریکای بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کرد. هەروەها پشتیوانیی تەواوی بۆ سەرخستنی کاری هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆمپانیاکانیدا نیشاندا.
 
هاوکات سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "بەشداریی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی لە پڕۆسەی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانیدا بە گرنگ زانی."
 
لە کۆتاییدا دیدارەکە شاندی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی هاوکاری و پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵی کاریگەری لە سەرخستنی کارەکانیاندا کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە