بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە دەست لەکار دەکێشێتەوە؛ کێ بەربژێرە بۆ شوێنەکەی؟

09-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و دەڵێت، ئەو قسانەی لە میدیاکانەوە لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکراونەتەوە "ناڕاستن". گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بەربژێر دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "لەماوەی چوار ساڵی کارکردنم لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە هیچ کەسێک گوشاری نەکردووە کە کۆمپانیاکانی بە نایاسایی کار بکەن و ئێمەش رێگەمان بە کەس نەداوە دەستوەردان و کاری نایاسایی بکات."
 
شێخ نیاز ئاماژەی بەوە کردووە، "ناونووسینی پاڵێوراوانی حەج بەشێکە لە پڕۆژەکانی حکومەت و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری و وەزارەتەکەمان، کارەکەمان پێکەوە کردووە و کەسیش دژایەتی نەکردووە."
 
سبەی چوارشەممە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی حەج و عومرەی پارێزگاکانی کوردستان، لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ماڵئاوایی لە شێخ نیاز دەکرێت.
 
لەبارەی هۆکاری دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی، شێخ نیاز ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە دوو ساڵە داوای دەستبەرداربوون و خانەنشین بوونی لە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووە، مەبەستیش لەو داوایە ئەوەبووە، "خەریکی دروستکردنی مزگەوت، حوجرە و خانەقایەکم لە شاری هەولێر، مەبەستیش لەو کارە ئەوەیە خۆم بۆ خزمەتی ئایینی و شەرعی تەرخان بکەم، بەڵام ئەوکات داواکەم رەتکرایەوە."
 
دەشڵێت، ئەم ساڵ بە هاوکاری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف، پڕۆسەی حەج بە سەرکەوتوویی کرا و داواکاریم بۆ خانەنشین بوون رەزامەندی لەسەر دراوە.
 
هاوکات، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بە رووداوی راگەیاند، "دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێ پێویستی بە فەرمانی هەرێمییە، چونکە پۆستەکە باڵایە." گوتیشی، "من خۆم بۆ پۆستەکە بەربژێر کردووە."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد، "من ماوەی 13 ساڵە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە خزمەتم کردووە، بڕوانامەی باڵام لە یاسادا هەیە و پەیوەندییەکی زۆرباشم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودی و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی هەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە؛ شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ماوەی چوار ساڵە وەکو بەڕێوەبەری گشتیی دەستبەکاربووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.