رووداو - هەولێر
ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی پەرلەماندا بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆچی دوایی مام جەلال خوێندەوە و رایگەیاند، دانەنانی ئاڵای عێراق هەڵە بووە بەڵام بەمەبەست نەبووە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، کە ژمارەیەک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدار بوون، ئاڵا تاڵەبانی بەیاننامەیەکی بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ کۆچی دوایی مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق خوێندەوە، کە تێیدا باسی لە گرنگی رۆڵی مام جەلال لە چارەسەری کێشەکاندا، کرد.
لەبارەی دانەنانی ئاڵای عێراق لەسەر تەرمی مام جەلال لە رۆژی گەڕاندنەوەی تەرمەکە لە بەرلینەوە بۆ سلێمانی و دانانی ئاڵای کوردستان، ئاڵا تاڵەبانی گوتی "ئەوەی روویدا هەڵە بوو، بەڵام بە مەبەست نەبووە".
پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان جێهێشتووە.
هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا داوای لە سەلیم جبووری کرد روونکردنەوە لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر بدات، کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. هەر بەو هۆیەوە ژمارەیەک پەرلەمانتار هۆڵی کۆبوونەوەیان جێهێشت.
نازم ساعدی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند، داوای روونکردنەوەمان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر، چونکە ئەو وەک سەرۆکی پەرلەمان نەڕۆیشتووە، هومام حەموودی، جێگریشی گوتی، راوێژی بە ئەو نەکردووە، کەواتە دەبێ بزانین بە نوێنەری کێ ئەو سەردانەی کردووە".
لە وەڵامی پەرلەمانتاراندا، سەلیم جبووری رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەی هەولێر جەختی لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق کردووەتەوە و هیچ سازشێکی نەکردووە. راشیگەیاندووە "بەمزووانە بەرهەمی هەوڵەکانمان دەبینن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ