رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو خێزانە هەشت کەسییەی بە رووداوی هاتووچۆ لە رێگەی ئەلقوش - شێخان گیانیان لەدەستدا لە کەنیسەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرێت. ئەو کەسانەی ئامادەی بە خاک سپاردنەکەن زۆر نیگەرانن و لە شۆکی رووداوەکەدان.
ستیڤان لەگەڵ باوک و هاوژین و 8 منداڵیدا لە شەوی شەممە 08-10-2022 لە ئەلقوشەوە دەیویست بەرەو سێمێل بگەڕێتەوە، بەڵام لە رێگە تووشی ئەو رووداوە بوون. خۆی و باوک و هاوژینەکەی و 5 منداڵی گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها سێ منداڵی لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
داوود ئاشوود، برا و کوڕی کۆچکردووەکانە، لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ بە خاک سپاردنەکە و دەڵێت، لە شەوی رابردووەوە 12 کاژێر لە رێگەدا بووە تاوەکو گەیشتووەتەوە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "تەنیا باوکم نەبوو هاوڕێشم بوو."
گەورەترین منداڵی ستیڤان 13 ساڵ و بچووکترینیشی یەک ساڵ بوو. ستیڤان ئاشوود، برا و کوڕی کۆچکردووەکانە و گوتی، چەند جار گوتی، ئەو رێگەیە چاکبکەن بەڵام کەس چاکی ناکات. لەوبارەی ئەو سێ منداڵەی کە لە نەخۆشخانەشن دەڵێت، "پرسیاری دایکیان دەکەن، دەڵێن کوا دایکمان."
سیڤان دانیشتووی قەزای سێمێل و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو. لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەناوی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بەشداریی ئەم مەراسیمی بە خاک سپاردنەم کردووە. داوا لە خودا دەکەین ئارامی بە کەسوکارەکەیان بدات و کۆچکردووانیش بە بەهەشت شاد بکات."
کەسوکارەکانیان دەڵێن، ستیڤان زۆر منداڵەکانی خۆشدەویست، چارەنووسیان بەوجۆرە بوو کە هەر هەشت تەرمەکە پێکەوە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە گۆڕستانی گوندی سێجێی قەزای سێمێل بە خاک بسپێردرێن.


