رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا؛ "قسەی تۆ رەتناکرێتەوە".
بەم نزیکانە ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانە و فڕۆکەکانی سلێمانی دەکرێتەوە؛ ئەردۆغان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە، "بۆ هێندە خەمی سلێمانیتە،" نێچیرڤان بارزانی پێی گوتووە، "من سەرۆکی هەرێمی کوردستانم، نیوەشم سلێمانییە."
ئێوارهى ئهمڕۆ پێنجشهممه 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له ئهنقهره لهگهڵ رهجهب تهييب ئهردۆغان، سهرۆكى كۆمارى توركيا كۆبووهوه.
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆک ئەردۆغانی گوت، دەمەوێ سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لا ببرێ، ئەردۆغان، داوای مۆبایلەکەی خۆی کردوە، یەکسەر تەلەفۆنی سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی تورکیای کردووە، پێی گوتووە، ئەو مەسەلەیە چییە؟ ئەویش تێی گەیاندووە کە تازە سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژ کراونەتەوە."
ئەردۆغان بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتووە، بۆ هێندە خەمی سلێمانیتە؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پێی گوتووە: "سەرۆک، ئەی تۆ نازانی من نیوەم سلێمانییە؟"
رەجەب تەیب ئەردۆغان "پێکەنیوە، بە تەلەفۆن فەرمانی بە دەستەی فڕۆکەوانی داوە، سزای سەر فڕۆکەخانی سلێمانی لابدرێ، بەم نزیکانەش ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەکانی سلێمانی دەکرێتەوە، بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتووە، قسەی تۆ رەتناکرێتەوە."
هاوکات، یەحیا ئوستون، بەرپرسی راگەیاندنی هێڵی فڕۆکەوانیی تورکیش ئێیرلاینز دەڵێت، "بەزوویی گەشتەکانمان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکەینەوە." دەشڵێت، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی لە هەر حەوت رۆژی هەفتەدا بەردەوام دەبن. بەوەش دەمانەوێ پەیوەندیی بازرگانی، کولتووری و گەشتوگوزاری لەگەڵ عێراق و تورکیا بەهێزتر بکەین."
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.
یەکەمجار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ