رووداو- هەولێر
پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی 14 دوادەخات، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت پێویستبوو 11/12/2014 كۆنگرە ئەنجام بدرابووایە.
رۆژی 9ی كانوونی یەكەمی 2014 ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبە كۆبووەوە، لە تەوەری پێنجەمی ئەو كۆبوونەوەیەدا تاوتێی باری ناوخۆو رێكخستنی ئەو حیزبە كراو بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی چواردەی پارتی درا.
لە راگەیێندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتیدا هاتووە:" كۆبوونەوە دوای شرۆڤەكردنی زروفی مەوزوعی و هەڵسەنگاندنی تەواوی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بەستنی كۆنگرەی چواردەهەم، هەموو لایەك گەیشتنە ئەو بڕوایەی بارودۆخەكە بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرە لەبارنییە، بۆیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە مادەی (22) ـ بڕگەی سێیەم ـ خاڵی یەكەم هەیەتی، تەمەنی یاسایی نێوان كۆنگرەی سێزدەهەم و چواردەهەمی بۆ یەك ساڵ درێژكردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەر كاتێ زروفی مەوزوعی لەباربوو، كۆنگرە ببەسترێ".
د.ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب دەبوو دووسبەی 11ی ئەم مانگە كۆنگرەی چواردەهەمان ببەستیایە، بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و سەربازییە و شەڕی داعش نەتوانرا لە كاتی ئاسایی خۆی كۆنگرە ببەسترێت، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بڕیاریدا ماوەكە درێژبكاتەوە بۆ یەك ساڵ".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتیشی:" مەرج نییە تا یەك ساڵ بەستنی كۆنگرەی چواردە دوابخرێت، بەڵكو لەو ماوەیە هەر كاتێك زەمینەلەباربێت كۆنگرە دەبەستین و لیژنەی ئامادەكاری دروسدەكرێت و كۆنفرانسی لق و ناوچەكان دەكرێت، لەوانەیە چەند مانگێك بخایەیەنێت ، بەڵام بە هەموو پێوەرێك لە ساڵێك زیاتر تێپەڕ ناكات".
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ پارتی دواخستنی كۆنگرە لە ساڵێك زیاتر دریژناكرێتەوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی 13ی پارتی، لە مادەی 22 بەمشێوەیە باسی كۆنگرە كراوە:
یەكەم: پێناسەی كۆنگرە، كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە لە ناو پارتیدا.
دووەم: پێكهاتەی كۆنگرە
پێكدێت لە سەرۆك و جێگرەكەی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەندامانی یەدەگ و ئەندامانی هەردوو لیژنەی هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ كۆنگرە و لیژنەی ئیدارە و ئامادەكاری كۆنگرەو نوێنەرە هەڵبژێرداوەكانی سەرجەم رێكخراوەكانی پارتی بەو رێژەیەی، كە ئەنجوومەنی سەكردایەتی دیاریكردووە.
سێییەم: بەستی كۆنگرە
1- تەمەنی یاسایی نێوان دوو كۆنگرە چوار ساڵ دەبێت. لە حاڵەتی زۆر پێویستدا ئەنجوومەنی سەركردایەتی مافی درێژكردنەوەی تەنیا یەك ساڵ تەمەنی یاسایی كۆنگرەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ