رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، واژۆی لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ شەممە 09-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لە بەغدا تۆمارکرا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد."
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەو 700 ملیار دینارەیە کە سوودانی واژۆی لەسەر ناردنی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ