لافاو چەند پارێزگایەکی باشووری کوردستانی گرتەوە؛ 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 3یش بێسەروشوێنن

دوێنێ کاژێر 06:51
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 09-12-2025 لافاو چەندین ناوچە و شوێنی باشووری کوردستانی گرتەوە؛ تاوەکو ئێوارە دوو کەس لە شارۆچکەی شۆڕش لە چەمچەماڵ گیانیان لەدەستدا، منداڵێکیش لە شارۆچکەی لەیلانی کەرکووک بە هەمان شێوە گیانی لەدەستدا، هاوکات دوو کەس لە چەمچەماڵ، ئەندازیارێکیش لە سلێمانی بێسەروشوێنن.
 
سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکە بێسەروشوێنن
 
تاوەکو ئێوارەی سێشەممە دوو کەس لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا، عومەر سەعید ئەمین تەمەن 72 ساڵان و لەدایکبووی 1953 لە ناحیەی شۆڕش، هەروەها بۆکان بەشارەت شەریف، تەمەن 22 ساڵان لە هەمان شارۆچکە گیانی لەدەستدا.
 
هەروەها پەیامنێری رووداو لە لەیلان رایگەیاند، "ئەو منداڵەی لە پاشنیوەڕۆوە لەکاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە بێسەروشوێن بوو، دەرکەوت بەهۆی لافاوەوە گیانی لەدەستداوە.''

 

بەیار عیسا لە گوندی فەرخان بێسەروشوێن ببوو، دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە، هاونیشتمانییەک لەنزیک گوندەکە گیانلەدەستدانی منداڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە.
 
 
پەیامنێری رووداو لە ماڵی عومەر سەعید یەکێک لەوانەی بەهۆی لافاوەوە گیانی لەدەستدا، رایگەیاند، "لەکاتی گەڕانەوە لە رێگەی مزگەوت بەر لافاو کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.''

 

 
کوڕێکی ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، "باوکم خۆی دابووە پاڵ دیوارێک و دیوارەکە رووخا و گیانی لەدەستداوە.''
 
 
جگە لە گیانلەدەستدان، چەند هاونیشتمانییەکیش بەهۆی لافاوەوە بێسەروشوێن بوون. شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "پەیوەندی لەگەڵ ئەندازیارێک پچڕاوە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نازانین.''
 
هەروەها بەپێی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، لەو قەزایە جگە لە گیانلەدەستدانی دوو کەس، چوار کەسی دیکەش بەهۆی لافاوەوە برینداربوون.
 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە چەمچەماڵ رایگەیاند، "چرا محەممەد تەمەن 9 ساڵان، هەروەها کارزان عەبدوڵڵای تەمەن 11 ساڵان بێسەروشوێنن، دیارنییە سەلامەتن یان لافاو بردوونی."
 
هەروەها کەسوکاری هاونیشتمانییەکی دیکەش هەر لە چەمچەماڵ لە نیوەڕۆوە سۆراخی کوڕەکەیان دەکەن و دەڵێن دیار نەماوە.

 

 
 
چەندین ئۆتۆمبێل لافاو بردوونی؛ خەڵک داوای هاوکاری دەکەن
 
چەمچەماڵ لە زۆربەی ناوچەکانی دیکە زیانی زۆرتر بوو، جگە لەوەی چەندین رێگە لەدوای نیوەڕۆوە داخران، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش لافاو بردوونی.
 
هاونیشتمانییەک لە یەکێک لەو گەڕەکانەی بەر لافاو کەوتووە، بە رووداوی راگەیاند، "چوار ئۆتۆمبێل لە یەک گەڕەک لافاو لەگەڵ خۆی بردوونی، ئەوەش جگە لەوەی زۆربەی ماڵەکان بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و کەلوپەلەکانیان تەڕ بوون و بەکەڵک نەماون."
 
 
ئەو هاونیشتمانییە بە پەیامنێری رووداویشی گوت، "شەپۆلی لافاوەکە نزیکەی مەترێک بەرز بوو، بە بەرچاوی خۆمەوە چەند ئۆتۆمبێلێکی برد، هەروەها بەفرگر و کۆمەڵێک کەلوپەلی ماڵان لەنێو شەقامدا بوون و لافاو بردوونی.''
 
هاونیشتمانییان داوای چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە دەکەن و دەڵێن، "چەندین ساڵە ئەوە دۆخمانە و بۆمان چارەسەر نەکراوە."
 
هاونیشتمانییان لە چەمچەماڵ دەڵێن، "کەس نەهاتووەتە هانامان" و داوا دەکەن بە زوویی هاوکاری بکرێن.
 
لە دیمەن و وێنەکانی رووداو لە ناوچە جیاوازەکان و بەتایبەت لە چەمچەماڵ دەرکەوت، ژمارەیەکی زۆر دووکان و ماڵ بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، مارکێت، دووکان و ماڵ ئاو چووەتە نێویان و کەلوپەل و خۆراک بەکەڵک نەماون.
 
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات: باران بارین بەردەوام دەبێت
 
لافاوەکەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە کەرکووک و سلێمانی بوو، بەڵام باران بارین لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆیە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رێنوێنی و هۆشداری دەدەن لەبارەی لافاو.
 
بەگوێرەی زانیاریی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی باران بارین تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
 
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لافاوەکە زیانێکی زۆری مادیی بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییانی سنووری کەرکووک و سلێمانی گەیاندووە، بەڵام شەپۆلەکە لە هەولێر و دهۆک لاوازترە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە."
 
هەڤال ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لافاو بازیان، پیرەمەگروون و چەمچەماڵی گرتووەتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.''
 
هەروەها دەشڵێت، "زیان بە دامودەزگەکانی دەوڵەت و خەڵکیش کەوتوون.''
 
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی جگە لەو رێنوێنییەی بە خەڵکی دا لەکاتی لافاو، رایگەیاند، "کەسێکمان کە ئەندازیارە، بێسەروشوێنە و تاوەکو کاژێر 05:00ی ئێوارەش نەدۆزرابووەوە.''
 
رووداو پرسیاری لە هەڤاڵ ئەبوبەکر کرد، بۆچی لافاوەکە زیاتر چەمچەماڵی گرتەوە؟ پارێزگاری سلێمانی گوتی، "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بڕێکی زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا باریوە، ئەو ناوچەیە خاکێکی باش و گڵێکی باشە، خۆڵی زۆر لەسەر زەوی کۆبووەتەوە، باران لێیداوە و بووەتە قووڕە سوورە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەری مەنهۆڵ بگرێت و هەموو شتێک ببات لەگەڵ خۆی.''
 
 
پارێزگاری سلێمانی پشتڕاستی کردەوە، بەنداوێک لە سنوورەکە تەقیوە، بەڵام هۆکاری لاوەکییە بووەتە هۆی زیادبوونی زیانەکانی لافاو.
 
لە کفری تیمەکان لە ئامادەباشیدان
 
بارانی بەردەوام وای کردووە زۆربەی شار و شوێنەکان ئامادەباشی بکەن، لافاو لە کفرییش دروستبووە، بەڵام هیچ زیانێک نەبووە.
 
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە رووداوی راگەیاند، "هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر، لە ئامادەباشیداین، لە هێزی ئەمنی، تەندروستی و شارەوانی."
 
لە کفری هۆشداری دەدرێتە خەڵک پابەند بن بە رێنوێنییەکان، زۆر پێویست نەبێت هاتووچۆ رابگرن بۆ سلێمانی و ناوچەی دیکەی عێراقیش .
 
ساهیر عەلی داوا دەکات، خەڵک بە رێگەی کفری - دووزدا هاتووچۆ نەکەن، هەروەها رێگەی کفری - سەنگاویش مەترسیدارە بۆ هاتووچۆ، بۆیە پێیدا نەڕۆن و هاتووچۆ نەکەن.
 
قسەکانی ساهیر عەلی لە کاتێکدایە، ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندبوو، لەپێناو سەلامەتیی گشتی، هاتووچۆی نێوان شارەکان رادەگیرێت و پێویستە هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.
 
 
لافاو هەڵەبجەشی گرتەوە، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند، "لافاو دروستبووە و تیمەکان خەریکی ئامادەکاری و هاوکاریی خەڵکن.''
 
لە هەڵەبجە تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بە رووداوی راگەیاند، "پێشوەختە ئامادەکاریمان کردبوو، لە بەیانیی رۆژی سێشەممەوە ئامادەین و دەگەڕێین، گرفت لە مەنهۆڵەکان هەبوون و چارەسەرمان کردوون."
 
ئەو لافاوەی روویدا لە کاتێکدایە، باران بارین بەردەوامە، کەشناسیی عێراق هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی بارانی بەخووڕ، هەورەبرووسکە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە 5 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ داواش لە خەڵک دەکات، تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە