رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆر لەو هاونیشتمانیانەی پارە، خانوو، چەک و ئۆتۆمبێلیان داوە بە سلێمان هەڵشۆیی نیگەرانیی خۆیان لە بەڕێوەچوونی دۆسیەکە لە دادگا دەدربڕن و بە پێویستی دەزانن هەرچی زووە ئەو کەیسە لە دادگا یەکلاییبکرێتەوە، پێیانوایە ئەگەر ئەو دۆسیەیە بەزوویی یەکلایینەکرێتەوە، ئەوا کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە شوێنی گردبوونەوەی سکاڵاکارانی سڵێمانی هەڵشۆیی بوو لە قەزای پشدەر، لەبارەی گردبوونەوەکەوە رایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 10-1-2021 دوای نزیکەی مانگێک لە دەستگیرکردنی سلێمانی هەڵشۆیی، بە تۆمەتی بردن و خواردنی پارەی خەڵک، بەشێک لەوانەی دەڵێن موڵک و ماڵ و سامانیان لای سلێمانە بۆ زانینی چارەنووسی پارەکانیان چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی سەنگەسەر و گردبوونەوەیەکیان رێکخست.
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمانی هەڵشۆیی"، بەر لە مانگێک مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، بە گوتەی بەشێک لەوانەی قەرزیان لای سلێمانە، ئەو بازرگانە بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی لە خەڵکی دەڤەرەکە وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات.
ماوەی نزیکەی مانگێک دەبێت لەسەر ئەو کەیسە، پۆلیس ناوچەکە سلێمانی هەڵشۆیی دەستگیرکردووە و کەسیەکەی داوەتە دادگا، بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 200 کەس سکاڵایان لەسەر ئەو بازرگانە تۆمارکردووە.
ئێستاش ئەوانەی موڵک و ماڵ و پارەیان بە سلێمان هەڵشۆیی داوە، چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چارەنووسی ئەو موڵک و ماڵ و پارەیەی بەو بازرگانەیان داوە چی لێبەسەر هاتووە.
هاونیشتمانییەک لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی سەنگەسەر بۆ رووداو گوتی: "داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم چارەیەکی ئەو کێشەیە بکەن کە بووەتە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە قەزای پشدەر بەتایبەتی ناحیەی سەنگەسەر، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی خەڵک لەسەر ئەو کێشەیە سووتێندراوە".
هاونیشتمانییەکی دیکە گومان لە مایەپووچبوونی سلێمان هەڵشۆیی دەکات و دەڵێت، ئەمانە سیناریۆن، هاوڕێکانی دەڵێن ئەو شەوە 300 دەفتەر دۆلاری پێبووە. پێشتر بە 10 وەنەوشە لەگەڵی دەهاتن و هاتووچۆی دەکرد، ئەو شەوە بە تاکسی گەڕاوەتەوە و بەیانییەکەی گوتوویەتی مایەپووچم. بەهیچ شێوەیەک خەڵک بەمە رازی نابێت.
ئێوارەی رۆژی 21-12-2020، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر بڕی 9 ملیۆن دۆلاری سلێمان هەڵشۆییدا گیراوە گوایە لای ماڵی هاوڕێیەکی بووە لە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر، بەڵام پۆلیسی راپەڕین ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
یەکێکی دیکە لەو هاونیشتمانیانەی کە دەڵێت نزیکەی 30 هەزار دۆلاری لای سلێمانە گوتی: "ئەو خەڵکە هەمووی لە لێکۆڵینەوەکان رازی نین، بردنی ئەو هەموو پارەیە شتێکی ئاسان نییە، پۆلیس و حکومەتیشمان ئەوەندە نا هۆشیار نین کە نەتوانێت شتێکی ئەوەندە زەبەلاح زوو ئاشکرای بکات".
لوقمان ئۆغس حوسێن، یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی دەڤەرەکەیە و بە نوێنەرایەتیی بەشێک لە سکاڵاکاران سەردانی سلێمانی هەڵشۆیی لە زیندان کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە، باس لە گفتوگۆی خۆی سلێمانی هەڵشۆیی دەکات و دەڵێت: "چووینە لای سلێمان، بە قسەی سلێمان بێ خۆی بەرگریی لە خۆی کرد، گوتی من ئەو مامەڵەیەم نەکردووە، بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسەیەی نەکرد، چونکە خەڵکمان زۆر بینیوە، ئەوانەی ئەو مامەڵەیەشیان کردووە ئەوانیشمان بینیوە، سلێمان لەنێو ئەو مامەڵەیەدا بووە بەخۆیی و تەرەفەکانی، جا نازانم کێن".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارەیەش، بە گوتەی لوقمان ئۆغس هەڵشۆیی گوتوویەتی: "ئەو پارەیەی رۆژانە داوەتەوە خەڵکی، بەڵام خۆ ئەمە ئیشی رۆژانە نەبووە، ماوەی زیاتر لە 6 مانگ دەبێت دیناری نەداوەتە کەس، ئێمەش گوتمان دەبێت لیستێک دروست بکەی بۆ ئەوەی پارەی ئەو خەڵکە بدەینەوە و خەڵک زەرەرمەند نەبێت".
سەبارەت بە کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی دەگوترێت لای سلێمانە، لوقمان ئۆغس گوتی: " نازانین بڕەکەی چەندە، بەڵام دەڵێن پێنج هەزار دەفتەرە بە خێرەوە، ئەگەر بەتەواوی حساب بکرێت لەوانەیە پێنج هەزار دەفتەر نەبێت".
دوای دەستگیرکردنی هەڵشۆیی برایەکی بە ناوی رزگار ئیسماعیل لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیار قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "سلێمانی برام لەو بابەتەدا تاوانبار نییە، بەڵکو خەڵکەکە بە زۆر پارەیان پێدەدا"، هەروەها گوتیشی "هەندێکجار خەڵک سەرەیان بۆ بینینی سلێمانی برام دەگرت و نرخی بینینی هەر بلیتێکیش 100 دۆلار بووە."

.jpg&w=3840&q=75)
