سەنتەری میترۆ: دیار کوردە پرسیاری نێو دڵی هەمووانی لە ترەمپ کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دیار كوردە، تەنیا پەیامنێری رووداو نەبووە و دەنگی ملیۆنان کوردی گەیاندووەتە کۆشکی سپی. ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرنجڕاكێشانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی کورد لە حەلەب "بۆ دیار كوردە و رووداو ئەركن، بۆ ئێمەش جێگەی شانازی." رێکخەری سەنتەرەکە دەڵێت، "دیار وەکو دیپلۆماتکارێکی گەورەی کوردە لە وڵاتێکی گەورەدا."
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، دەنگی کورد و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریای دژی گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب گەیاندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەمڕۆ شەممە سەنتەری میترۆ راگەیێندراوێکی لەسەر بڵاوکردەوە.
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "دیار کوردە، تەنیا پەیامنێری رووداو نەبوو، پەیامنێری ئەو ملیۆنان كەسە بوو كە لە رێی شاشەی تیڤی و مۆبایلەكانیانەوە چاویان لەسەر گەڕەكەكانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودە، لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكانی سەرۆكی ئەمریكا، پەیامنێرە سەركەوتووەكەی رووداو، پرسیاری دڵی هەمووانی لە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كرد."