رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هیوای خواست ئاشتی لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بێتەدی، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانی سەخت لە شاری حەلەب بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 150 هەزار کەس و کوژرانی دەیان کەسی دیکە، کە بە سەختترین تووندوتیژی دادەنرێت لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "دەمەوێت ئاشتی هەبێت. نێوانمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سووریا زۆر باشە. ئەوان ساڵانێکی زۆرە دووژمنی سرووشتیی یەکدین، بەڵام ئێمە نێوانمان لەگەڵ هەردوولا زۆر باشە."
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆشکی سپی پێشكێشی کرد، ترەمپ بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت سووریا سەرکەوتوو بێت. تاوەکو ئێستاش پێموایە ئەوان سەرکەوتوون، بەڵام [شەڕەکە] تازە سەریهەڵداوە و دەمانەوێت بوەستێت."
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رووداو لە کاتێکدان، هێزەکانی سووریا گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان بۆردوومان کرد، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن. ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک و بەرپرسانی کوردیش ئەو هێرشانە بە "بەئامانجگرتنی نەتەوەیی" ناودەبەن.
شەڕەکە رۆژی سێشەممە دوای شکستهێنانی گفتوگۆکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاداری 2025 دەستیپێکرد، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبوو هێزەکانی سووریای دیموکرت - هەسەدە، کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعش، لە کۆتایی ساڵی 2025 تێکەڵ بە دامەزراوە ناوەندییەکانی سووریا بکرێن.
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئەو گەڕەکانەی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و ئەندامانی ئاسایشی ئەو گەڕەکە کوردنشینانەی بە ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە "گەڕاندنەوەی ئاسایشە."
وەزارەتەکە رۆژی هەینی ئاگربەستێکی تاکلایەنەی راگەیاند، ئەوەش دوای سێ رۆژ لە تۆپباران و هێرشی درۆن و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان. هاوکات رێڕۆی بۆ کشانەوەی ئەندامانی ئاسایشی خۆسەر بە چەکی سووکەوە بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردەوە.
ئەنجوومەنە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە مەرجەکانیان رەتکردەوە و بە "داواکاری بۆ خۆبەدەستەوەدان" ناویان برد، بەڵێنیان دا بەرگری لە گەڕەکەکان بکەن لە بەرامبەر ئەو بۆردوومانە چڕەی دەکرێتە سەریان، کە ژێرخانی سڤیل و نەخۆشخانەکانیشی گرتووەتەوە.
لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانەوە ئاماری جیاواز هەن؛ روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لانیکەم 25 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، جگە لە زیانی گیانیی سەربازیی هەردوولا. نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانیی خۆی لەبارەی قوربانییانی سڤیل و ئاوارەبوون نیشانداوە و داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخەکە دەکات.
ئەم تووندوتیژییە ئاماژەیە بۆ گرژییە قووڵەکانی قۆناخی دوای ئەسەد لە سووریا، کە تێیدا حکومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن بەرەو باشبوون دەچێت، هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی دەدات، لە کاتێکدا هەسەدە بەهۆی بێ متمانەیی مێژووییەوە دژی تێکەڵبوونی تەواوەتییە.
ئەمریکا کە لە رابردوودا پاڵپشتیی سەربازیی هەسەدەی کردووە، داوای لە هەردوولا کردووە شەڕ رابگرن. تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا داوای راگرتنی "دەستبەجێی" شەڕ و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی کرد، هۆشداریشی دا لە دەستێوەردانی لایەنی دەرەکی بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە.
پێکدادانەکان بە مەترسیدارترین پێشێلکاری دادەنرێن لەدوای رێککەوتنی 10ی ئاداری رابردوو، ترسی ئەوەیان دروستکردووە بازنەی شەڕەکە بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەی دەرەوەی حەلەب، لەوانەش بەشێک لە دێرەزوور و رەققە فراوان ببێت.
قسەکانی ترەمپ جەخت لەسەر سیاسەتی واشنتن دەکەنەوە، کە تاوەکو ئێستا بریتیبووە لە پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا زۆر گەرم بوونەتەوە و هەروەها لەگەڵ کورد، کە وەکو هاوبەشێکی گرنگ لە دژی داعش دەیانبینێت.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆک، ئایا هیچ قسە و کاردانەوەیەکتان هەیە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆسەر هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە حەلەب، کە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتیی سڤیل و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان؟ هەروەها ئایا ئیدارەکەتان ئاشتی لەنێوان کورد حکومەتی و سووریادا دەچەسپێنێت؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: بەڵێ، من دەمەوێت ئاشتی هەبێت. ئێمە نێوانمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سووریا زۆر باشە. ئەوان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، دووژمنی سرووشتیی یەکدی بوون؛ بەڵام ئێمە نێوانمان لەگەڵ هەردووکیان زۆر باشە. دەمانەوێت سووریا سەرکەوتوو بێت. تاوەکو ئێستاش پێموایە ئەوان سەرکەوتوون، بەڵام ئەم شتە تازە (ئەم شەڕە) سەریهەڵداوە و دەمانەوێت بوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ