لە زیندان هاتە دەرەوە و خۆی خنكاند

10-04-2018
عومەر چاوشین
نیشانەکردن رانیە چوارقوڕنە خۆکوشتن
A+ A-

رووداو – رانیە

كاتێك زمناكۆ كەوتە زیندان، منداڵە بچووكەكەی تەمەنی تەنیا پێنج مانگ بوو، كاتێكیش هاتە دەرەوە، تەمەنی بووبووە دوو ساڵ، بەڵام تێر باوەشی باوكی نەدیت و زمناكۆ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. كەسوكارەكەی دەڵێن نەخۆشیی دەروونی هەبووە، پۆلیسیش ئەو زانیارییە پشتڕاست دەكاتەوە.

رۆژی 6/4/2018 پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ بەناوی (زمناكۆ.ف.خ)، دانیشتووی گەڕەكی رۆژهەڵاتی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە، لە نێو ماڵەكەیدا بە پەت خۆی هەڵواسی و خۆی خنكاند.
زمناكۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ كچێكی هاوتەمەنی خۆی هاوسەرگیری كردبوو، خاوەنی سێ‌ منداڵ بوون كە بچووكەكەیان دوو ساڵانە و گەورەكەشیان شەش ساڵانە.

زمناكۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەستگیركرابوو، تەنیا 10 رۆژ بوو لە زیندان ئازادكرابوو. خۆشەوی كە برای زمناكۆیە، لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی براكەی دەڵێت: "براكەم كەسێكی زۆر بێ‌ كێشە بوو، زۆریش كاسب بوو، بەڵام بەهۆی برادەری خراپەوە تووشی خواردنەوە كحولییەكان و خواردنی حەبی هۆشبەر بوو. دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەر بەكارهێنانی حەبی هۆشبەر دەستگیركرا، لەو ماوەیەدا حوكمەكەی تەمیز كرایەوە و لە زیندان هاتە دەرەوە، چاوەڕێی دوا بڕیاری دادگا بوو لەبارەی دۆسیەكەی".

خۆشەوی كە برا گەورەی زمناكۆیە، پێش ئەوەی براكەی، خۆی بخنكێنێ‌، لەلای بووە و دەڵێت زمناكۆ هاوژین و منداڵەكانی ناردبووەوە ماڵی خەزووری، دایكیشی ناردبوو بۆ بازاڕ هەندێك دەرمانی بۆ بكڕێ‌، كاتێك كەس لە ماڵ نەبووە، بە پەت خۆی خنكاندووە.

خۆشەوی گوتی: "دایكم بۆی گێڕامەوە پێش ئەوەی بچێ دەرمانی بۆ بكڕێ‌ پێیگوتبوو دایكە بەهۆی منەوە ئازاری زۆرت چەشتووە، گەردنم ئازاد بكە. دایكم لە رێگا بیری لەو قسەیەی زمناكۆ كردبووەوە، دڵی خورپەیەكی كردبوو كە زمناكۆ شتێكی بەسەرهاتووە، خێرا گەڕابووەوە ماڵەوە، بەڵام كار لە كار ترازابوو، زمناكۆ خۆی خنكاندبوو، دایكم بە گریانەوە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی خێرا وەرە زمناكۆ خۆی خنكاندووە".

سەبارەت بە هۆكاری خۆخنكاندنی براكەی، خۆشەوی گوتی: "براكەم نەخۆشیی دەروونی هەبوو، نزیكەی 10 ساڵ بوو تووشی ئەو نەخۆشییە بووبوو، زیاتر لە سێ‌ راپۆرتی پزیشكیمان هەیە كە پشتڕاستی دەكەنەوە. هەر لەبەر نەخۆشییەكەشی زۆر نازمان هەڵدەگرت، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە زیاتر لە پێنج جار هەڕەشەی خۆكوشتنی كرد، بەڵام هەموو جارێك رێگریمان لێدەكرد، هەموو گیانی خۆی بە چەقۆ و كەتەر كردبووە برین". 

خۆشەوی كە بڕیاری داوە سێ‌ منداڵەكەی زمناكۆ لە ئەستۆ بگرێ و بەخێویان بكات، گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و گوتی: "براكەم دوو ساڵ لە زیندانی چاكسازی بووە، كە دەڵێن چاكسازی دەبێ‌ شوێنی چاكبوونەوەی گیراوەكان بێ‌، بەڵام لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ چارەیەكیان لەو برایەی من نەكردووە، لە زیندان پشتگوێیان خستبوو، دەبووایە پزیشكی دەروونی بۆ دابین بكرێ‌، لەوێ‌ نەخۆشییەكەی زیاتر وێرانی كردووە".

تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی راپەڕین، سەبارەت بە خۆخنكاندنی زمناكۆ بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی هەینی رابردوو تەرمی پیاوێكی تەمەن 29 ساڵەیان هێنایە نەخۆشخانەكەمان، دوای پشكنین و توێكاری بۆ تەرمەكە دەركەوت بە پەت خنكاوە، هیچ شوێنەوارێكی ئەشكەنجەدان بەسەر جەستەیەوە دیار نەبوو، ئەوە دەریدەخات كە بە ئەگەری زۆر ئەو پیاوە خۆی خنكاندووە".

هەر لەوبارەوە رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین پشتڕاستی كردەوە كە زمناكۆ خۆی خنكاندووە و گوتی "لەكاتی رووداوەكە كەسیان لە ماڵ نەبووە، ئەویش ئەمەی بە هەل زانیوە و پەتێكی لە ملی كردووە و خۆی خنكاندووە". 

سەبارەت بە هۆكاری خۆخنكاندنەكەشی، رائید شۆڕش گوتی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو كەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، كەسوكارەكەشی دەڵێن راپۆرتی پزیشكیان هەیە كە ئەو كەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە