سوپای پاسداران داوای چۆڵکردنی 33 گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

10-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران داوا لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەکات، بۆ پێشگرتن لە چالاکی و جموجۆڵی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 33 گوندی سنووری لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە چۆڵ بکرێن.
 
محەممەدتەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران و سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی گەشەپێدانی ئاسایش لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران داوا دەکات، 33 گوندی سەر بە شارەکانی مەریوان، بانە، سەردەشت، ورمێ و ماکۆ چۆڵ بکرێن.
 
فەرماندەی قەرارگەی حەمزە لە نامەکەیدا دەڵێت، ئەو گوندانە لە ناوچەی قەدەخەکراوی سنوور هەڵکەوتوون و هێزە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی رابردوودا لە بوونی ئەو گوندانە بۆ هاتووچۆکردن و هەروەها ناردنی چەکوچۆڵ بۆ نێوخۆی ئێران کەڵکیان وەرگرتووە. هەروەها دانیشتووانی ئەو گوندە سنوورییانە بە گواستنەوەی کەلوپەلی نایاسایی لە سنوورەکانەوە تۆمەتبار دەکات.
 
لە نامەکەدا کە لە 20-11-2022 نووسراوە و مۆری نهێنیی لەسەرە و تازە ئاشکرا بووە، فەرماندەکەی سوپای پاسداران دەڵێت، چەند ساڵە بڕیاری چۆڵکردنی ئەو گوندانە دراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە دامودەزگا سیاسی و ئەمنییەکان هاوکارییان نەکردوون و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش دژی چۆڵکردنیان هەڵوێستیان وەرگرتووە، هەروەها کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، بڕیارەکە نەخراوەتە واری جێبەجێکردن و بە تێپەڕبوونی کات، ژمارەی دانیشتووانی ئەو گوندانە زیاتر دەبێت.
 
ئەندامی ئەنجوومەنی یەکێک لەو گوندانەی سەردەشت کە بڕیاری چۆڵکردنی دراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی ئێران چەندین ساڵە بە ئەنقەست خزمەتگوزاریی بۆ ئەو گوندانە دابین نەکردووە تاوەکو خەڵکەکە خۆیان چۆڵی بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاسبی و داهاتی خەڵکی ئەو گوندانە لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و کاری سەر سنوورە، دانیشتووانەکەی لەو گوندانە ماونەتەوە.
 
ئەنجوومەنەکە دەشڵێت، ئەگەر ئەو گوندانە چۆڵ بکرێن، بە قووڵایی چەندین کیلۆمەتر ژیان لەسەر سنوورەکان نامێنێت و ناوچەکە بە تەواوی بە سەربازی دەکرێت. گوتیشی، پێشتر دامودەزگا حکومی و سەربازییەکان لەوبارەوە قسەیان لەگەڵدا کردوون.
 
فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران داوا لە حکومەت دەکات، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش لەو ناوچە سنوورییانە، حکومەت بڕیارەکە بە تەواوی بخاتە بواری جێبەجێکردن و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکات. پێشنیازیش دەکات بۆ هاندانی خەڵک بۆ چۆڵکردنی گوندەکان، لە گوندەکانی دیکە زەوییان پێبدرێت بۆ دروستکردنی خانوو و لە دروستکردنیشیدا حکومەت هاوکارییان بکات، هەروەها زەویی کشتوکاڵی و قەرزی بانکی بدرێتە دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆیان.
 
بەپێی نامەکەی فەرماندەی قەرارگەی حەمزە، لە ماکۆ 1 گوند، ورمێ 8 گوند، سەردەشت 11 گوند، بانە 8 گوند و لە مەریوان 5 گوند چۆڵ دەکرێن. لەو 33 گوندە، 21 گوند ئاوەدانن و 765 خێزانیان لێ نیشتەجێیە. هەروەها 10 گوند چەندین ساڵە چۆڵ کراون و دوو گوندیش لە بانە و مەریوان تەنیا لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا ئاوەدانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن