لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر و باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەی پچڕپچڕ باران و بەفر دەبارێت و هۆشداریش لە دروستبوونی شەختە دەدرێت.
 
کەشناسیی تورکیا بۆ ئەمڕۆ هەینی 10ـی نیسانی 2026 هۆشداریی کۆدی زەردی بۆ 44 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەرکردووە.  
 
چاوەڕوان دەکرێت، لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، مەڵەتی، وان، ئامەد، دیلۆک، سێرت و رووها بارانی بەخوڕ ببارێت و لە ناوچە بەرزەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.  
 
داوای لە هاونیشتمانیان کراوە، بەرامبەر مەترسییەکانی لافاو، هاتنەژوورەوەی ئاو بۆ نێو ماڵان، هەورەبرووسکە، بای بەهێز و دروستبوونی گرفت لە هاتووچۆدا، وریا بن. هەروەها داوا کراوە لەو ناوچە بەرزانەی بەفریان لێ دەبارێت و بەفرێکی زۆریان لێیە، مەترسیی هەرەسی بەفر لە ئارادایە، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
 
پێشبینی دەکرێت ئەو شەپۆلی باران و بەفرە تاوەکو کۆتایی هەفتە لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان بەردەوام بێت.