رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خستنەڕووی بەرهەمەکاندایە، بەڵام دەستکەوتنی تەماتە وەک پێش جەنگ ئاسان نییە؛ نرخەکەی بە شێوەیەکی کتوپڕ هەڵکشاوە و هاوسەنگیی خەرجیی خێزانەکانی تێکداوە.
سەروەر عەلی، فرۆشیارێکە لە عەلوەی سلێمانییەوە بە رووداوی گوت: "50٪ هاوردەکردنی تەماتە کەمبووەتەوە، چونکە ئێستا گرانییە، لە ئێرانیش زۆر گرانبووە و دوو هێندە زیاد بووە، ئێران هەناردەکردنی قەدەخە کردووە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان."
بۆ هاونیشتمانییان، تەماتە تەنیا بەرهەمێک نییە، بەڵکو خواردنێکی سەرەکییە لە سەبەتەی خۆراک دا؛ بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکەی، راستەوخۆ وەک بارگرانییەکی لە گیرفانی خەڵک رەنگدەداتەوە. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی لەم کاتەدا تەماتە گران بوو؟
لەتیف محەمەد، بازرگانێکە لە دەروازەی باشماخەوە دەڵێت: "تەماتە نزیکەی مانگێکە لە ئێرانەوە هاوردە ناکرێت، نەماوە."
هۆی گرانیی تەماتە سەرچاوەکەیە، لە بازاڕەکانی ئێران کەمە و هەناردەشی هەروا، ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر تەماتە زۆرتر بێت لەو بڕەی کە دەگاتە دەست کڕیاران.
شڤان سەلاح، کارمەندێکە لە دەروازەی سنووریی شوشمێ، باس لەوە دەکات: "بەهۆی ئەو دۆخەی لەنێو ئێران هەیە و ئەو شەڕەی دەستیپێکردووە. لەناوخۆی ئێران بەرهەم گرانبووە، بۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە هەر شتێک بزانێ لە ناوخۆ کەمە، رێگە نادات هەناردە بکرێت."
ئێستا کە چاوەکان لەسەر دەروازە سنوورییەکانە، ناجێگیریی نرخەکان وەک کێشەیەکی هەڵپەسێردراو ماوەتەوە. تا ئەو کاتەی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو دروست دەبێتەوە، تەماتە بە گرانی دەگاتە سەر خوانی ماڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ