رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، "بە هاندانی ئیسرائیل و بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ئەم جەنگە دەستیپێکرد و گەیشتە ئەم رۆژە. ئێستاش بە هەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەین هەرچی زووە کۆتایی بێت. هەموو توانای دیپلۆماسییەکانمان لەم چوارچێوەیەدا بەکاردەهێنین."
10ـی نیسانی 2026، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا کە بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێک سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و لە هۆتێلێک بەشداریی لە بەرنامەی "دیداری جیهانی کار"دا کرد.
یڵماز لە گوتارێکیدا رایگەیاند، جیهان بە قۆناخێکی جیاوازدا تێدەپەڕێ و تێگەیشتن لە تورکیا و ناوچەکە بەبێ تێگەیشتن لە جیهان، تەواو نابێت.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد: "ویستی خۆپارێزی بەرزبووەتەوە و دۆخە کۆنەکانی بازرگانی و ئابووری گۆڕاون. بە قۆناخێکدا تێدەپەڕین سیاسەتی هێز زاڵە. یاسا، مافەکانی مرۆڤ و چەمکە دیموکراسییەکان لاوازبوون و چەمکەکانی وەک دادپەروەری و بەزەیی نزیکن لەوەی هەر باس نەکرێن."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "بە هاندانی ئیسرائیل و بە هێرشەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ئەم جەنگە دەستیپێکرد و گەیشتە ئەم رۆژە. لەم نێوەندەدا، ئێرانیش هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێ و رووبەڕووی دیمەنێکی ئاڵۆز بووینەوە. ئێستاش بە هەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەین ئەم جەنگە هەرچی زووە کۆتایی بێت. هەموو توانایە دیپلۆماسییەکانمان لەم چوارچێوەیەدا بەکاردەهێنین."
جەودەت یڵماز گوتی: "ئەم جۆرە قۆناخانە زۆر مەترسیدارن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوانەی لەم جۆرە قۆناخانەدا هەڵوێستی پتەویان هەیە، لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا قازانج دەکەن. شتێک هەیە بە ناوی مرۆڤایەتی. شەپۆلێکی قووڵ بە دڵنیاییەوە دێت. سیستمێکی نوێی جیهانی و هەرێمی بە دڵنیاییەوە دروست دەبێت. لەم پرۆسەیەدا، زۆر گرنگە کە ئێمە وەک وڵات، کۆمەڵگە و گەل، هەڵوێستێکی پتەو و دروستمان هەبێت."
یڵماز گوتی: "پار ئابووریی جیهان نزیکەی 3% گەشەی کرد. چاوەڕوان دەکرا ئەم ساڵیش بە هەمان رێژە گەشە بکات. رەنگە بەهۆی ئەم جەنگەی تێیداین و کاریگەرییەکانی، لەوە کەمتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ