دوای ئاگربەست لانیکەم 4 جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە چوارشەممەوە لانیکەم چوار درۆن ئاراستەی هەولێر کراون.
 
‎بەگوێرەی دوایین ئاماری رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە بۆ بەرەبەیانی چوارشەممە 8ـی نیسان، واتە بەر لە راگەیاندنی ئاگربەست 703 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرابوون
 
‎بەگوێرەی ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە تۆڕی میدیایی رووداو رۆژانە تۆماری دەکات، لە دوای بەرەبەیانی چوارشەممە 8ـی نیسانەوە کە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیێندرا تاوەکو ئەمڕۆ 10ـی نیسان، سنووری هەولێر و دەوروبەری چوار جار بۆردوومان کراون، بەمەش ژمارەی ئەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، گەیشتوونەتە 707 درۆن و مووشەک، لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 کەسیش بریندار بوون.
 
‎نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ‎هەرێمی کوردستان
 
- نزیک کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سنووری قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر بیسترا. روون نییە درۆن بووە یان مووشەک.
 
- نزیک کاژێر 12:50ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر بیسترا.
 
- نزیک کاژێر 03:40ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە 9ـی نیسان، دەنگێکی بەهێز لە هەولێر بیسترا و بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشێکی درۆنی بووە و لانیکەم درۆنێک بەکارهێندراوە.
 
- چەند کاژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەست، کاژێر 10:35ـی پێش نیوەڕۆی چوارشەممە 8ـی نیسان، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر سنووری قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر.
 
‎نوێترین ‎ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
 
‎- پارێزگای هەولێر: 564 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای سلێمانی 115 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
 
قوربانیی هێرشەکان
 
‎بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 کەسیش بریندار بوون.
 
‎ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
‎بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
‎هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
 
‎بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
‎پارێزگای هەولێر
 
‎درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: گوندی زەرگەزەوی، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
‎سلێمانی، چیای گوڵان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
 
‎کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
 
‎هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکییەکان باسی گۆڕینی رژێمی ئێرانیان لەگەڵ ئێمەدا نەکردووە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەی ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگێک لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: "هیوادارین هێزەکانی ئیتاڵیا بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی سەربازەکانمان."