وەزارەتی ناوخۆ: وێڕای ئاگربەست چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر هەرێمی کوردستان و تێکشکێندران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو لە چەند کاتێکی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و سەرجەمیان تێکشکێندراون.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە هەینی 10ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی؛ سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنجشەممە و لە چەند کاتی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان".
وەزارەتی ناوخۆ شوێنی هێرشەکانی ئاشکرا نەکردووە و رایگەیاندووە: "هەموو هێرشەکانی شەوی رابردوو تێکشکێندراون و کەوتوون".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆریست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: "جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەین؛ داوا لەهەموو لایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە رابگرن و چیدی سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان نەکەنە ئامانج".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 707 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامیاندا جگە لە زیانی مادی، 17 گیانلەدەستدان و 92 بریندار تۆمار کراوە.