رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەڵێ، پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەن کە ببێتەهۆی راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاگربەست تەنیا کاتێک مانای دەبێ هەندێک هەنگاو بنێرن، لەوانەش داننان بە مافی نەتەوەکانی نێو ئێران، لەوانەش گەلی کورد.
رۆژی هەینی 10-4-2026 هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سیاسەتی چەند دەیەی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، "دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان" و "پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و درۆن" هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگەی دوایی بوو.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە ببێتە هۆی "راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل"، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە گرنگە هەر رێککەوتنێک "ئیرادەی گەلان"ی ئەو وڵاتەی تێدا پارێزراو بێت".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئاگربەست کاتێک مانای هەیە هەندێک خاڵی سەرەکی لەخۆبگرێ، وەک هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران، پابەندبوونی ئێران بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە رەواکانی نەتەوەکانی نێو ئێران، بەتایبەتی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هاوپەیمانییەکە لە لایەنە شەش هێزى رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دامەزرا. هێزە سیاسییەکان بریتین لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ