رووداو- سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10.5.2014، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەڵوێستی ئەو حیزبە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوا بڕیاریشی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جێهێشتووە.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی مەڵبەندی یەکی ئەو حیزبە، یەکێتی پرسی بڕیاردان لە بەشداریکردنی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبووبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەجێهێشتووە.
رەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندووە، کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا باسی دروستکردنی وەزارەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دانی بە یەکێتی، کردووە.
رەفعەت عەبدوڵڵا پێیوایە، ئەو پێشنیازەی گۆڕینی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەت، پێشنیازی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ یەکێتی. هەروەک رەتیشیکردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی "ھیچ گفتوگۆیەک دەربارەی دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کرابێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راشیگەیاندووە، کە " تائێستا مەکتەبی سیاسی ھیچ بڕیارێکی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داھاتوو نەداوە".
رەفعەت عەبدوڵڵا پێشیوایە، رۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە و " بڕیاری کۆتاییش دەدەن لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی یەکێتی لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ