رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (BP)ی بەریتانی دوای زیاتر لە مانگێک لە راگرتنی کارەکانی، گەڕایەوە بۆ کێڵگە و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک. ئیدارەی پارێزگاکەش دەڵێت، ئامانجیانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە.
کۆمپانیا بەریتانییەکە کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و مەترسییە ئەمنییەکان، تیمە تەکنیکییەکانی کشاندبووەوە، لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە جارێکی دیکە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک (بەوەکالەت)، لەبارەی گەڕانەوەی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان کردەوە کە پێویستە (BP) لە کەرکووک کار بکات. وەک ئیدارەی خۆجێی هەموو ئاسانکارییەک دەکەین، چونکە کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووریی پارێزگاکە."
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، دووپاتی لەو هەنگاوە کردووەتەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە کۆببێتەوە. هەروەها هەوڵێکیش هەیە بۆ هێنانی کۆمپانیایەکی تورکی لە کەرتی نەوتدا تاوەکو لەگەڵ بی پی پێکەوە کار بکەن.
گرێبەستی کۆمپانیای بی پی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ماوەی 20 ساڵە، هەرچەندە ساڵێکە دەستیان بە کار کردووە، بەڵام تائێستا کارەکانیان لە چوارچێوەی راوێژکاری، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریدایە و نەچوونەتە قۆناخی کارکردنی مەیدانییەوە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە، سیروان مستەفا، سەرۆکی جیۆلۆجیی پێشکەوتوو، تێبینیی لەسەر تەکنەلۆژیای بەکارهاتوو هەیە و دەڵێت: "بی پی دەیەوێت بەرهەمهێنان زیاد بکات، بەڵام هێشتا مۆدێلی کۆن بەکاردەهێنێت. باشترین رێگە بۆ دەرهێنانی نەوت بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (چاڵی ئاسۆییە)، بی پی خاوەنی ئەو تەکنەلۆژیایەیە، بەڵام هێشتا لێرە کاری پێناکات."
ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک رۆژانە نزیکەی 350 هەزار بەرمیلە. بەپێی پلانەکانی کۆمپانیای بی پی، لە قۆناخی یەکەمدا بەرهەمهێنان بۆ 600 هەزار بەرمیل زیاددەکرێت و لە داهاتووشدا ئامانجەکە گەیشتنە بە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ