690 هاونیشتمانی لە رێگەی وشکانییەوە لە کەربەلاوە بۆ سعودیە بەڕێ دەکەون


رووداو دیجیتاڵ 

690 هاونیشتمانی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە رێگەی وشکانییەوە لە دوێنێ هەینییەوە بەرەو سعودییە بەڕێکەوتوون؛ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاونیشتمانییان ئێستا لە کەربەلان و ئەمڕۆ بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.

رۆژی شەممە 10ـی حوزەیرانی 2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "690 کەس لە رێگەی وشکانییەوە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار حەج دەکەن. ئەوان دوێنێ بە 30 پاس بەڕێکەوتن و شەوی رابردوو لە کەربەلا مانەوە؛ ئەمڕۆ بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەون." 
 
کاروان ستوونی گوتی، شوێنی مانەوە و خواردن بۆ سەردانیکاران ئامادەکراوە؛ هەر پاسێک 23 کەسی تێدایە و هەریەکەیان دوو کورسی بۆ تەرخانکراوە بۆ ئەوەی ماندوو نەبێت.
 
پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 حاجییە. جگە لەو 690 کەسەی ئەمڕۆ، بڕیارە 3 هەزار و 995 هاونیشتمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەکەیان بکەن. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ حەج 12ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات.
 
تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.