شەش رۆژە دابەشکردنی ئاو لە پڕۆژەی ئیفراز 2ی هەولێر راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشە لە وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئیفراز دووی هەولێر، 6 رۆژە کارکردنی پڕۆژەکە راگیراوە. بەرپرسێک دەڵێت، بڕیارە تاوەکو هەینی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی 5ی ئەم مانگەوە، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە وێستگەی کارەبای پڕۆژەکە، دابەشکردنی ئاو لە پڕۆژەی ئیفراز دوو راگیراوە."
جگە لە ئاوی ژێر زەوی، نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی هەولێر پشت بە سێ پڕۆژەی ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ دەبەستن.
زیاتر لە 10 گەڕەکی هەولێر پشت بە ئاوی پڕۆژەی ئیفراز دوو دەبەستن، لەوانەش گەڕەکەکانی کوێستان، نووسەران، بەشێکی زۆری تەیراوە، سوورچیان و کانی.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بۆ رووداو، ئەو گەڕەکانەی لەسەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوون، ئێستا رۆژانە جارێک لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی 'ئیفراز سێ'وە ئاویان پێدەدرێت.
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
لەبارەی کاتی چاککردنەوەی کێشەی ئیفراز دوو، ئەو بەرپرسە ئاگادارە گوتی، "کارکردن بەردەوامە و بڕیارە تاوەکو هەینی چاکبکرێتەوە."