بەڕێوەبەری چاکسازییەکان: یەک لەسەر پێنجی زیندانییەکان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزا دراون


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە چاکسازییەکاندا سزاکانیان بەسەردەبەن کە زیاتر لە هەزار کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزا دراون و 446 کەسیش سزای سێدارەیان هەیە؛ گوتیشی، کاروبارە یاساییەکان بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی، پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی کورستانە. 
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی تەمموزی 2023، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئاماری ئەمڕۆمان، پێنج هەزار و 39 زیندانی لە چاکسازییەکاندا سزاکانیان بەسەردەبەن."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، لەنێو زیندانییەکاندا هەزار و 27 کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزادراون؛ لەو ژمارەیەش 431 کەسیان "بازرگان"ـی مادەی هۆشبەرن. هەر لەنێو چاکسازییەکاندا 446 کەس سزای سێدارەیان هەیە و سزاکەش ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ ناکرێت.
 
ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی بوون. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەموو رێکارەکانی لێبووردنی گشتی وەستاندووە و ناچارن چاوەڕێی خولی نوێی پەرلەمان بکەن بۆ دەکردنی یاساکە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان ئەگەر لێبووردنی گشتی دەربکرێت هەزار و 500 زیندانی لێی سوودمەند دەبن و ئازاد دەکرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان شەش گرتووخانەی چاکسازی هەن؛ دوو چاکسازی لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانی دیکەشیان لە دهۆکن.