رووداو- هەولێر
کۆبوونەوەی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر کۆتاییھات و بڕیاردراوە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوی دیکە بکەن.
لە دوای کۆبوونەوەکە عیماد ئەحمەد گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند:" تارادەیەک هەردوولا هاوبۆچوون بووین و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا بە گفتوگۆی زیاتر بگەینە سازان".
عیماد ئەحمەد هەروەها گوتی:" ئێمە دژی دوو ئیدارەی و لەت بوونین و بە هیچ شێوەیەک ئەوە روونادات و رەتیدەکەینەوە، ئێمە دوو ئیدارە بووین بەڵام بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەوەمان رێکخستەوە، ئێستا دوای چەن ساڵ چۆن شتی وا روودەدات، هەر لایەنێک هەوڵ بۆ شتی وا بدات عەیبەیەکی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی و شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە".
هەروەها مەحموود محەممەد ئەندامی شاندی پارتی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی:" ئێستا کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە سەرشانی هەردوولایەنی یەکێتی و پارتی، هەردوولا دەبێ لە خەمی دۆخەکەدا بن زیاتر لە هەرلایەنێکی دیکە".
مەحموود محەممەد هەروەها گوتی:" پێویستمان بە کاتی زیاترە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە کە هەموو لایەک پێی رازی بێت".
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی کۆبوونەوەکەی بە کۆبوونەوەیەکی باش ناوزەد کرد و رایگەیاند:" کۆبوونەوەکەمان کۆبوونەوەیەکی باش بوو و بە راشکاوی قسەکانمان کرد، کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێ لە سبەی و دوو سبەی بۆ گفتوگۆکردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسانە کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێ".
کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە 10-8-2015 لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
عیماد ئەحمەد پێش کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند:" یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانەکانی خۆی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپیدەکاتەوەو بە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دەستیپێکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ