لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سبەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 11ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەردانی سلێمانی دەکات و چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی دەبێت، "سەرەتا لەگەڵ ئێمە (پارێزگاری سلێمانی) کۆدەبێتەوە و دواتریش چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی دەبێت".
رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، بە یاوەریی شاندێک کە پێکهاتبوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ و کۆچبەران و چەند بەرپرسێکی دیکە، گەیشتنە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
دوای 100 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، ئەمە یەکەم سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پرسی خاڵە سنوورییەکان، بودجە، مووچەی فەرمانبەران، نەوت و پرسە ئەمنییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان و مەترسییە ئەمنییەکان لەو ناوچانە تاوتوێ بکەن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بڕیارە کازمی سەردانی هەڵەبجەش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ