رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئاگرێکی بێ ئامان دارستانی زاویتەی لە سنووری دهۆک سووتاند، زیاتر لە پێنج کاژێر ئاگرەکە بەردەوام بوو. بە تەواوی دیار نییە هۆکاری ئاگرەکە چییە، بەڵام هەندێ شایەتحاڵ دەڵێن، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
ئەو کارەبایەی لە دارستانەکە بووە بۆ بیری ئاو راکێشرابوون، بەهۆی ئەو ئاگرەشەوە چەند دارێک سووتان و لەنێوچوون کە تەمەنیان 100 ساڵ دەبوو.
سیداد محەممەد، شایەتحاڵێکی ساتی رووداوەکەیە، بە رووداوی گوت: "ئاگر لەو ستوونی کارەبایەوە دەستیپێکرد، دواتر سەرکەوتە سەرەوە، من چوومە سەربان بینیم ئاگر لێرە بڵاوبووەوە."
10 تیم هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیاندا، کە پێکهاتبوون لە، تیمی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و هێزی پێشمەرگە. دوای هەوڵدانێکی زۆر توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 100 دۆنم لە پاوان و دارستانی ناوچەکە سووتاوە.
سەگڤان زیرەک، فەرمانبەرە و خەڵکی ناوچەکەیە و دەڵێت: "کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای 20 خولەک گەیشتن، ئەگەر لە کاتی خۆیدا بهاتبان، رەنگە ئاگرەکە هێندە گەورە نەبووبا، بەڵام ئەوان لە کاتی خۆیدا نەگەیشتن."
بەپێی ئامارێکی فەرمی ئەم ساڵ 1600 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پاوانی دارستانەکان تۆمارکراون. زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەوی و دارستانیش سووتاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ