رووداو - هەولێر
بە ئاڵای كوردستان داپۆشینی ئەو تابووتەی تەرمی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی تێدابوو، كرایە قەیرانێكی دیكە و خرایە سەر لیستی ئەو قەیرانانەی كە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێریان بە تەواوی ئیفلیج كردووە. بەغدا كە هیچ ماتەمێكی فەرمی بۆ كۆچی دوایی تاڵەبانی رانەگەیاند و تەنانەت بەهۆی داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستانەوە گەیشتنی میوانەكانی بۆ پرسەكە زەحمەت كرد، وای نیشان دەدات كە دانەپۆشینی تابووتەكە بە ئاڵای عێراق سووكایەتی بووە بە شكۆی وڵات و كارێكی ئەنقەست بووە و پەیامێكی سیاسی بووە ئاراستەی بەغدا كراوە. بەڵام بەرپرسی پرۆتۆكۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت بەغدا ئامادە نەبوو مەراسیم بۆ هێنانەوەی تەرمی تاڵەبانی ساز بكات.
شێرزاد ئازاد سوڵتان، بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی ئەو هەڵمەتە میدیاییەدا بە (رووداو)ی گوت "لەگەڵ پرۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەم كرد، هیچ بەرنامەیەكیان بۆ پێشوازی لە تەرمی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا نەبوو، تەنانەت جوانە خان، كچی سەرۆك كۆماری عێراق پێیگوتم كە لێرە هیچ بەرنامەیەك نییە و جەماعەتی نووسینگەی عەبادیش گوتیان ئێمە دەچینە فەرەنسا، هیچ بەرنامەمان نییە بۆ پێشوازی لە تەرمی مام جەلال، بۆیە كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمەی راسپارد مەراسێمكی شكۆدار بۆ سەرۆك مام جەلال رێكبخەین".
نێچیرڤان بارزانی رایسپاردین مەراسیمێكی شكۆدار بۆ مام جەلال بكەین
شێرزاد سوڵتان روونیكردەوە نەدەبوو دوو ئاڵا لەسەر تەرمی مام جەلال دابنرێ "ئەگەر مەراسیمەكە لە بەغدا بكرابایە دەبوو تەنیا ئاڵای عێراق بێت، بەڵام ئەوان مەراسیمەكەیان نەكرد، بۆیە رەخنەكانیان لە شكۆی ئەو مەراسیمەی سەرۆك مام جەلال كەم ناكاتەوە كە بە شایەتی زۆربەی بەرپرسان و خەڵك و كادیرانی خودی یەكێتی، كارێكی نایاب و جوانمان كرد".
ئاڵا، ئاڵای عێراقی ئامادەكردبوو
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە یەكێكە لەوانەی بە دانانی ئاڵای كوردستان لەسەر تابووتەكە تووڕەیە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە دانانی ئاڵای كوردستان بۆ ئەوان چاوەڕواننەكراو بووە، چونكە دەڵێت "لەكاتی نیشتنەوەی فڕۆكەكە ئاڵایەكی عێراقمان دایە لیژنەی پرۆتۆكۆڵ، بەڵام كە دایانگرت ئاڵای كوردستانی پێوەبوو".
بەڵام شێرزاد سوڵتان دەڵێ "هەموو كارەكان بە راوێژ و ئاگاداریی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە، ئێمە كارەكانمان بەپێی پرۆتۆكۆڵ كردووە. سەبارەت بە ئاڵاكەش شەوی گەڕانەوەی تەرمی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی ئاڵای كوردستانمان ئامادە كرد، لە كاتی هێنانە خوارەوەی تەرمەكە ئاڵاكەمان دانا، كەسیش ئاڵای عێراقی نەداوەتە ئێمە، ئەو بابەتەش پەیوەندی بەوەوە نییە ئاڵای عێراق هەبووە یان نا، بەڵكو وەكو گوتم مەراسیمەكە لە كوردستان بووە نەك لە بەغدا، بۆیە تەنیا ئاڵای كوردستانمان دانا، جگە لەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتی گواستنەوەی تەرمەكە بۆ مزگەوتی گەورە ئاڵای كوردستان و عێراقی پێوە بوو. جگە لەوەش سروودی نیشتمانیی عێراق لێدرا، ئەمانە هەمووی بەڵگەن كە دانەنانی ئاڵای عێراق بە مەبەست و بەرنامە نەبووە".
بەغدا ئامادە نەبوو مەراسیم بۆ مام جەلال رێكبخات
دوای مەراسیمەكە، چەند بەرپرسێكی عێراقی رایانگەیاند كە بەهۆی نەبوونی ئاڵای عێراق مەراسیمەكەیان جێهێشتووە، بەڵام شێرزاد ئازاد سوڵتان ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ "هیچ بەرپرسێكی عێراقی مەراسیمەكەی جێنەهێشت، بەڵكو دوای بردنی تەرمی سەرۆك مام جەلال بۆ مزگەوتی گەورە و تەواوبوونی مەراسیمەكە ئینجا رۆیشتن و لە میدیاكاندا وایان بڵاوكردەوە كە بایكۆتیان كردووە".
لە دانانی گوڵ ئێران لە پێش ئەمریكا بوو
بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رووندەكاتەوە كە 100 پاسەوانی شەرەفی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 40 كەس لە تیمی هونەری و مارشی وەزارەتی پێشمەرگە لە ماوەیەكی كەمدا مەشق و راهێنانیان بۆ ئەو مەراسیمە كردووە و دەڵێ "ئێمە بە ماوەیەكی زۆر كەم كارێكی گەورەمان كرد، ئەو مەراسیمە ئەنجامدرا، دڵنیام لە وڵاتانی دیكەی دەوروبەرمان شتی لەم جۆرە ناكرێت".
لە كاتی دانانی تاجەگوڵینەی میوان و دۆستەكانی تاڵەبانی لەسەر تەرمەكەی، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق تاجەگوڵینەی لەسەر تەرمی تاڵەبانی دانا، ئەمەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا. شێرزاد ئازاد سوڵتان گوتی "بەپێی پرۆتۆكۆل پۆستی وەزیری دەرەوە لە باڵیۆز باڵاترە، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران پێش میوانەكانی دیكە گوڵەكەی دانا".
تابووتی مام جەلال كە (رووداو) زانیاری لەسەری هەبوو، لە داری گوێز دروستكرابوو. لەسەر داوای تیمی پرۆتۆكۆڵ، لاهوور شێخ جەنگی 21 تۆپی ئامادەكرد و لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمەكەی تاڵەبانیدا 21 گوللە تۆپ تەقێندران، بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ "ئەو 21 تۆپە هێمای ئاشتییە، سەرۆك مام جەلال پیاوێكی ئاشتیخواز و شۆڕشگێڕ بوو، ئەم بیرۆكەیە بۆ سەردەمی كۆن دەگەڕێتەوە كاتێك كەشتییە بازرگانییەكان دەچوونە شارێكی دیكە، بۆ پیشاندانی نیازپاكی و ئاشتی، حەوت تۆپ هەر یەكەیان سێ گوللە تۆپی بە ئاراستەی دەریا دەتەقاند، لە بەرامبەردا خەڵكی شارەكە بە 21 تۆپ وەڵامیان دەدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ