نێچیرڤان بارزانی: قەندیل رێک دەزانێت دەبێت چی بکات، کە نایکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی راگەیاندنی کەجەکە لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا لە دیداری مێری، دەڵێت، هەنگاویان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ناوە و ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی "بە تەواوی قبووڵ نەکراوە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 08-10-2025 لە دیداری مێری لە هەولێر، بە بایەخەوە باسی لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیادا کرد و گوتی، دەسەڵاتی تورکیا رژدە لەسەر پرۆسەکە و بۆ سەرکەوتنی ئاشتی داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کرد پابەندی پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بێت، بۆئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئامانج.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "بە بڕوای من، دوای ئەوەی کە سەرۆکی تورکیام بینی، هەست دەکەم تورکیا زۆر جیدییە لەسەر ئەم پرۆسەیە. پرۆسەکە ئەگەر خاویش بێت، ئەگەر لەسەرخۆش بێت، بەڵام بڕیارێکی جیدی لە تورکیا هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات."
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و گەریلاکان "چەندین ساڵە" هەیە و "بە شەو و رۆژێک" کۆتایی نایەت، "ئێستا وای لێهاتووە، ئەم چاوەڕێیە ئەو شتێک بکات، لایەنی بەرامبەریش چاوەڕێی ئەوی دیکەیە شتێک بکات. ئەم کێشەیە بەم رێگەیە چارەسەر نابێت. ئێستا هەندێک هەنگاو هەن و دەبێت پەکەکە ئەو هەنگاوانە بنێت، بۆئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی باسی لە رۆڵی "یارمەتیدەر"انەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "کە پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکرد، داوایان لە ئێمە کرد یارمەتيی ئەو پرۆسەیە بکەین، ئەوەی پێویست بوو، جێبەجێمان کرد. وای دەبینم ئەم دەرفەتە مێژووییە و نابێت کورد لەدەستی بدات؛ نابێت بۆ هیچ شتێک لەدەستی بدات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پەیامەکانی لەم پرۆسەیەدا کرد و گوتی، "پەیامەکانی سەرۆک ئۆجەلان زۆر زۆر روونن. قەندیلیش رێک دەزانێت دەبێت چی بکات، کە نایکات! ئەمە بێ هیوایی دروست دەکات، تەنانەت بۆ سەرۆک ئۆجەلانیش، کە ئەوە دروست نییە. بە رواڵەت و بە قسە دەڵێن، ئێمە بە قسەی سەرۆک ئۆجەلان دەکەین، بەڵام کە دێتە سەر جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی شت، رێک پێچەوانەکەی دەکەن! ئەمە زیانێکی گەورە بە کورد و بە پرۆسەکەش دەگەیێنێت."
لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەبوونی سیستمێکی ناناوەندی پێویستییە بۆ سووریا، "ئێمە پێمان وانییە بکرێت سووریا بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببرێت. ئەمە خاڵی ناکۆکە، تەنانەت خۆم لە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع باسم کردووە و پێم گوتووه."
نێچیرڤان بارزانی باسی لە فرەپێکهاتەیی کۆمەڵگەی سووریا کرد و گوتی، "تۆ بڵێی من ئەو سووریایە بە مەرکەزییەت بەڕێوەدەبەم، بەشار ئەسەد چوو، یەکێکی دیکە هاتە شوێنی و مەرکەزییەتەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە! ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتگیریی ئەم بۆچوونە ناکەین. ئێمە ئەمەشمان بە سەرۆک شەرع گوتووە. رێی تێناچێت سووریا بە ئاراستەی مەرکەزییەتێکی بەهێز بەڕێوەبچێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد بچنە دیمەشق بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و گوتی، دەبێت "خۆتان بە خاوەن پرۆسەی سیاسی بزانن، ئۆفیسێک لە دیمەشق بکەنەوە، خۆتان بە خاوەن ماڵ بزانن، با لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدارییەکی کاراتان هەبێت.. هەر گۆڕینێک رووبدات، بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە لەگەڵ دیمەشق رێگەیەک بدۆزنەوە."
نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانی، پەکەکە واز لە دەستوەردان لە کاروباری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بهێنێت، بۆئەوەی کاری خۆیان بکەن و گوتی، "ناکرێت پەکەکە دەستوەردان لە ئیشی رۆژانەی ئێوەدا بکات، ئەمە گەورەترین کێشەیانە، ناکرێت. دەبێت پەکەکە وازیان لێبهێنێت، پەکەکە وازیان لێنەهێنێت، ئەوان ناگەنە هیچ. دەبێت پەکەکە بە تەواوی وازیان لێبهێنێت و ناکرێت دەستوەردان لە شێوەی بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژئاڤادا بکات." هەروەها گوتی، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە شەڕێکی گەورەیان بەرامبەر داعش و تیرۆر کرد، ئێستاش 10 هەزار ئەندام و کەسوکاری چەکدارانی داعش لە زیندان و کەمپەکانی بەر دەستی هەسەدەدان، هەروا ناکرێت بڵێی دەبێت ئەو هێزە نەمێنێت.
ئەمڕۆ هەینی گوتەبێژی راگەیاندنی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک هەنگاویان ناوە، کە داواکاریی ئۆجەلان بوون، لەوانەش بەستنی کۆنگرەی 12، کە تێیدا "بڕیاری کۆتاییهێنانی بە هەموو چالاکییەکانی بەناوی پەکەکەوە دا، هاوکات دەستبەرداری ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بوو. هەروەها بە سووتاندنی چەکەکان هەڵوێستی بە بڕیاری خۆی لە بەرامبەر پرۆسەکە نیشان دا، کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، گرووپێکی 30 کەسی لە 11ی تەممووزی 2025 چەکەکانیان سووتاند."
گوتەبێژی راگەیاندنی کەجەکە باس لە پرۆسەی چارەسەری و رۆڵی ئۆجەلان تێیدا دەکات و دەڵێت، پابەندی پەیام و داواکارییەکانی رێبەری پەکەکەن و هیچ "ناکۆکییەک لەنێوان رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان"دا نییە و "پەکەکە گوێ بۆ رێبەر ئاپۆ" دەگرێت.
گوتەبێژی کەجەکە دەڵێت "ئەم لێدوانە بە تەواوی قبووڵ نەکراوە" و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی هەڵسەنگاندنێکی نادادپەروەرانەی کردووە. هەروەها دەڵێت، "بێگومان نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لەگەڵ کۆماری تورکیادا پەیوەندی بکات، کەس دژی ئەمە نییە،" بەڵام گوتەبێژی کەجەکە رەخنە لەوە دەگرێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژێک بەر لە سەردانەکەی ئەو هەڵسەنگاندنەی کردووە.
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بە هەنگاو و بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکردەوەو، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ دەستپێشخەرییەکی لە وەڵامی باخچەلی دا راگەیاند و داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵ دا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دا. رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان سووتاند.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیەتی، هەوڵدەدات پرۆسەکە بگاتە ئەنجام. یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە 9-10-2025ی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرۆسەی چارەسەری بوو.