گومرکی هەرێمی کوردستان: لە سەرەتای ئەم مانگەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2021 راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەرەتای ئەم مانگەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2021 لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگیراوە.
رۆژی هەینی، 10-11-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و گومرگەکان، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێلی ساڵانی پێشوو رادەگیرێت و مۆدێلێکی دیکەی بەرزتر زیاد دەکرێت. ئەمە چەند ساڵێکە جێبەجێ دەکرێت. لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل ساڵی 2021 لە گومرگەکانەوە راگیراوە و تەنیا ئۆتۆمبێلی مۆدێل ساڵانی 2022، 2023 و 2024 رێگەپێدراوە هاوردە بکرێت".
ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو رێنماییە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ دەکرێت و لەسەرەتای ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری تایبەت بە ئۆتۆمبێلی لە عێراق راگەیاند و گوتی، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا دوو ملیۆن و 71 هەزار و 626 ئۆتۆمبیل هەبوون.