لە كەركووك یەکێتی تەنیا چوار حیزبی لەگەڵ ماوەتەوە

10-12-2013
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن یەکێتی كەركووك
A+ A-
رووداو- كەركووك

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی لە لیستی کەرکووکی کوردستانی پاشەکشێی کرد.

دوای ئەوەی دوێنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانی راگەیاند کە ئەوان رازی نابن د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک سەرۆکایەتی لیستی کەرکووکی کوردستانی بکات و یەکێتیش ئامادە نەبوو ئەم داوایە جێبەجێ بکات، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابوونەوەی خۆی لەو لیستە راگەیاند و لیستێکی سەربەخۆی بە ناوی لیستی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند.

حیزبەکانی دیکەی کەرکووک دوا بە دوای پارتی هەڵوێستی خۆیان لەو لیستە یەکلاکردەوە و بڕیارە هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی  کوردستان خۆیان وەکو لیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن.

رێبوار تاڵەبانی، ئەندامی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی لە کەرکووک بە (رووداو)ی گوت ''ئێمە دەمانویست بە یەک لیستی کوردی بەشداری هەڵبژاردنی کەرکووک بکەین و پاڵنەری سەرەکی بۆ ئەم بابەتە لە دەست نەدانی دەنگی کورد بوو لەو شارە، بەڵام بە کشانەوەی پارتی، ئیتر هەستدەکەین ئەو یەکریزییە نامینێت، بۆیە وەکو سەرەتایەک لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و بزووتنەوە پێکەوە لیستێک پێکدێنین''.

یەکێتی باوەڕی وایە ئەو حیزبانەی لە لیستی کەرکووکی کوردستانی دەرچوونە، لە سەرەتاوە باوەڕیان بە یەکریزی کورد نەبووە. رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک بۆ (رووداو) گوتی ''واقعی ئەمڕۆی کەرکووک بە دروشم چارەسەر ناکرێت، ئەو حیزبانە لە سەرەتاوە بە ئێمەیان نەوتووە کە قسەیان لە سەر کەسایەتی پارێزگاری کەرکووک هەیە، هەرچەندە ئەوە مافی خۆمانە کە چ کەسی بکەینە سەرۆکی لیستەکە''.

سەبارەت بەو حیزبانەی لەگەڵ یەکێتی ماونەتەوە لە لیستەکەدا رەوەند مەلا مەحموود گوتی ''بزووتنەوەی ئاشتیخوازان و پارتی پارێزگاران و پارتی چارەسەری و حیزبی ئایندە ماونەتەوە، ئەوانی دیکە سەرجەمیان پاشەکشیان کردووە''.

ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و شیوعی لە لیستێکی تردان و بڕیاریاندا لە ژێر ناوی "هاوپەیمانی دیموکراتی" بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە