رووداو- گوڵاڵە
گوڵاڵە، ئەو شارۆچكە كوردستانییەی ناوەندی گەرمەسێر كە ساڵانێكی زۆر بە دەست پرۆسەی تەعریب و ساڵانێكیش بە دەست گرووپە توندئاژۆكانەوە دەیناڵاند، رەنگە حوكمی چەند مانگەی داعش وەك بە ئێشترین قۆناغی ژیانی، هەرگیز لەبیر نەكات.
شارۆچكەی گوڵاڵە یەكێك بوو لەو ناوچانەی توندوتیژترین و خوێناویترین رۆژانی بەسەربرد لە كاتی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن داعشەوە و خوێنێكی زۆریش لەپێناوی ئازادكردنەوەیدا رژا.
شارۆچكەكە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە قەزای كەلارەوە دوورە. پرۆسەی تەعریب كە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا جێبەجێ كرا، زۆرترین كاریگەری لەسەر دێمۆگرافیای شارۆچكەكە هەبووە، بە جۆرێك لە سەرژمێریی ساڵی 1977دا رێژەی كورد دابەزی بۆ نزیكەی 20%، لە كاتێكدا پێش تەعریب زۆربەی دانیشتووانەكەی كورد بوون. ئەم گۆڕانكارییە دێمۆگرافییە دواتر دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێگە و هێزی داعش لە شارۆچكەكە، چونكە بەشێكی ئەو عەرەبە هاوردانە بوونە پشتیوان و پاڵپشتی داعش بە تایبەتی عەرەبەكانی هەردوو گەڕەكی تەجنید و وەحدە.
فەوزی عەبدولجەبار، دانیشتووی گوڵاڵەیە نزیكەی دوو ساڵ دەبێ شارۆچكەكەی جێهێشتووە، فەوزی گوتی "پێش ئەوەی داعش بە تەواوەتی شارۆچكەكە بگرن، ئێمە شارۆچكەكەمان جێهێشت، چونكە ناوچەكە ببوە مەیدانی جەنگ. لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە گوێمان لێدەبوو كە رەفتاریان چەندە دڕندانەیە".
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ژمارەیەك خێزانی كورد گەڕانەوە شارۆچكەكە، بەمەش رێژەی كورد تا راددەیەك زیادی كرد، بەڵام بەهۆی تەقینەوە و كوشتنی هاووڵاتیانی كوردی لەلایەن گروپە توندئاژۆكانەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان دووبارە ئاوارە بوونەوە.
لە دوای داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە، بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان كە لە پاشماوەكانی حیزبی بەعس پێكهاتبوون، پەیوەندیان بە داعشەوە كرد، ئەمەش كاری داعشی ئاسانكرد بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر گوڵاڵە. رۆژی 11/8/2014 شارۆچكەكە بە تەواوەتی كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش.
داعش وەك ئەوەی دڵنیا بێ تەمەنی كورت دەبێ لە گوڵاڵە، زۆربەی خانوو و باڵەخانەكانی شارۆچكەكەی بۆمبڕێژكرد، بەمەش وێرانەیەكی دوای خۆی جێهێشت.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2014 شارۆچكەكە جارێكی دیكە كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام دوای شەڕێكی قورس، كە زۆربەی شارۆچكەكە وێران بوو. بە جۆرێك ئێستا گوڵاڵە شوێنێك نییە بۆ ژیان.
پێش هاتنی داعش دانیشتوانی جەلەولا نزیكەی 60 هەزار كەس بوون. هەرچەندە دوو ساڵە لە چنگی داعش دەرهێندراوە، بەڵام تەنیا 20%ی دانیشووانەكەی گەڕاونەتەوە.
خەلەف عەبدولعەزیز، یەكێكە لەو هاووڵاتییانەی گەڕاوەتەوە گوڵاڵە. باسی ژیانی نێو گوڵاڵەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "كێشەمان زۆرە، خزمەتگوزاری زۆر كەمە. كارەبا هەر نییە، ئەگەر هەشبێ زۆر لاوازە. ئاوی خواردنەوە هەر نییە، ئاو دەكڕین، یان بە تانكەر بۆمان دێنن، ئەویش خاوێن نییە، بەڵام ژیان وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ جەلەولا".
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی شارۆچكەكە یەكەم شوێنە كە بە تەواوی ئاوەدانكراوەتەوە و كاری رۆژانەی هاووڵاتیانی تێدا رایی دەكرێ. یەعقوب یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا كە عەرەبێكی سەر بە عەشیرەتی لهێبە و پاسەوانەكانی كوردن بە (رووداو)ی راگەیاند "داعش زیانی هەبوو، سوودیشی هەبوو، زیانەكەی ئەوە بوو كە شارۆچكەكەمانی وێران كرد، سوودەكەشی ئەوەبوو كە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی شارۆچكەكەی بەهێزكردەوە. بەداخەوە عەرەبی گوڵاڵە زۆر بە هەڵە لە كورد تێگەیشتبوون، ئێستا پەشیمان بوونەتەوە دەڵێن خۆزگە وامان نەكردایە لەگەڵ برا كوردەكانمان".
بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە هەرچەندە عەرەبە، بەڵام بە كوردییەكی رەوان قسە دەكات، ئەو باسی رەوشی ئێستای جەلەولا دەكات و دەڵێت "ئەو ئاسایش و ئارامییەی دوای ئازادكردنی شارۆچكەكە فەراهەم بووە، بێ وێنەیە و لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، جەلەولا بەو ئارامییە نەبینراوە".
بەڵام لەسەر شەقامەكان ژیان هێشتا نەگەڕاوەتەوە رێڕەوە سروشتییەكەی خۆی، تاك و تەرا دووكان و بازاڕەكان كراونەتەوە. مزگەوتەكانیش هێشتا چۆڵن و وەك جاران جمەیان نایەت لە نوێژخوێنان. هێشتا شەقامەكان پڕ نەبوونەتەوە لە جوڵەو هاتوچۆی رێبواران، منداڵانیش هێشتا بە دڵەڕاوكێوە پاسكیلەكانیان لێدەخوڕن.
دوای دوو ساڵ هێشتا كابووسی داعش یەخەی هاووڵاتیانی دانیشتووانەکەی بەرنەداوە، هاووڵاتیان ئێستاش بە ترسەوە باس لە حوكمی ئەو چەند مانگە كەمەی داعش لە شارۆچكەكە دەكەن.
بەهۆی شەڕی داعشەوە ماڵەكەی عومەر مستەفا لە گوڵاڵە بە تەواوی سووتاوە. ئەو سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكات كە لەكاتی شەڕی داعشدا باوەشیان بۆ گوڵاڵەییەكان كردەوە.
عومەر كە بە رەگەز عەرەبە پێیوایە ئەوەی داعش دەیكات لە هیچ یاسایەكی ئاسمانی و زەمینی جێگەی نابێتەوە "ئیسلام بێبەرییە لە داعش ئیسلام، داعش خەڵك دەسووتێنێ، سەری خەڵك دەبڕێ، ئایا لە ئیسلامدا شتی وا هەیە!".
داعش لە كاتی داگیركردنی گوڵاڵەدا جگە لەوەی بەشێك لە خانووەكانی شارۆچكەكەی بۆمبڕێژكرد هەندێكیشی تەقاندەوە، هاوكات بەشێكی دیكەی كۆڵان و گەڕەكەكانیشی كردە مۆڵگەی سەربازی، هێشتا تارمایی جەنگ و وێرانكاری لە شارەكەدا بە ئاشكرا دەبینرێ .
داعش لە نێو گوڵاڵەدا 35 باڵەخانە و فەرمانگە حكومی تەقاندەوە، هەروەها 800 خانووی هاووڵاتیانیش زیانیان بەركەوتووە. لە دوای ئازادكردنەوەی شارۆچكەكەش 642 بۆمب پوچەڵكرانەتەوە كە 1926 كیلۆ تی ئێن تیان تێدا بەكارهاتبوو.
سەبارەت بەو زیانانەی بەر شارۆچكەكە كەوتووە، بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە گوتی "بەپێی خەملاندنەكانمان زیانی 630 ملیار دیناری بەركەوتووە". بەڵام دوای دوو ساڵ هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە.
بۆمبەكانی داعش لە گوڵاڵە جیاوازبوون
داعش نەك تەنیا لە گوڵاڵە، بەڵكو لە هەموو ئەو ناوچانەی داگیری كردوون، ئامانجی ئەوەبووە زۆرترین قوربانی بخەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بۆ شێوازی بۆمبڕێژكردن دەبرد، بۆمبڕێژكردنی هەموو شتێك، تەنانەت قورئانی پیرۆزیش.
پێشتر لە چەند ناوچەیەك داعش قورئانی بۆمبڕێژ كردبوو، بەڵام لە گوڵاڵە قورئانی بە جۆرێكی دیكە بۆمبڕێژكردبوو، پێڵاوێكیان خستبووە سەر قورئانە بۆمبڕێژكراوەكان، بۆمبەكانیش بە هەڵگرتنی پێڵاوەكە یەكسەر دەتەقینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ