بەرەی گەل: داوا لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەکەین لێپێچینەوە لەگەڵ محەممەد حەسان بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرەی گەل لە ڕاگەیێنراوێکدا وەڵامی قسەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەداتەوە کە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کردبوونی و رایدەگەیێنێت، سەرلەبەری قسەکانی ئەو نوێنەرە سەبارەت بە "سیستمی دادوەری" و "سیاسی نەبوونی دۆسیەکان" رەت دەکەنەوە.
لە راگەیێندراوەکەی بەرەی گەل هاتووە، "محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو باسی لەوە کردبوو، کە چاودێریی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحیدیان کردووە و دۆسیەکانیان سیاسی نین، هەروەها دۆخی دادگاکانی عێراقی بە تەندروست وەسف کردبوو."
ئاماژە بەوە کراوە، "محەممەد حەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق. لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنی رووداو باسی لە بارودۆخی سیاسی و مافی مرۆڤی عێراق کرد. دەمێکە گومان لە زۆرینەی نێردە دیپلۆماسیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. چونکه هەمیشه زۆرینەیان هاوڕا دەبن لەگەڵ دەسەڵاتداران، بەدەگمەن یەکانگیرن لەگەڵ ئەو ئەرکەی پێیان دەسپێردرێت."
لە هەڤپەیڤینەکەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "ئایا جێگەی نیگەرانی نییە کاتێک سیاسەتمەداران لە عێراق لە زینداندان؟"، محەممەد حەسان گوتی، ئەگەر باسی هەندێک لەو سەرکردانە دەکەیت کە خراونەتە زیندانەوە، نەک لە کاتی هەڵبژاردنەکان، بەڵکو پێش هەڵبژاردنەکان، بەهۆی کەیسەکانی وەک کەیسی تاوانکاری، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە. پەیوەندیی بە بازرگانی و ئەم شتانەوە هەیە، بەڵام من متمانەم بە دانایی سیستمی یاسایی عێراق هەیە بەگشتی. هیوادارم ئازاد بکرێن."
محەممەد حەسان گوتیشی، "ئەوان بە پرۆسەی دادگەدا تێپەڕیون. ئێمە بۆچوونی خۆمان هەیە لەسەر رێکارەکانی ئەو دادگایانە. ئێمە ئامادەی هەندێک لەو دانیشتنانە بووین."
بەرەی گەل بۆ حەسان: لە کوێ دادگاییکردنی لاهووری شێخ جەنگیت بینیوە؟
لە راگەیێندراوەکەدا بەرەی گەل ئاماژەی بەوە کردووە، "حەسان لە بڕگەیەکی دیمانەکەی باسی لە پێشکەوتوویی و تەندروستی یاسا دەکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یاسایەک عێراقییەکان باش دەزانن چۆن لەژێر سێبەر و هەژموونی گرووپی چەکدار ئاراستە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی."
دەشڵێت، "چەند رۆژێک لەمەوبەر لەژێر فشاری گرووپە چەکدارەکان حکومەتی عێراق لە بڕیارێک پەشیمان کرایەوە سەبارەت بە خستنە لیستی تیرۆری حیزبوڵڵای لوبنانی و بزووتنەوەی ئەنساروڵای حوسیەکانی یەمەن. دەیان و سەدان بەڵگە و بۆچوونی جیاوازی شارەزایانی یاسا هەیە لەعێراق، لەسەر خراپی دۆخی بەڕێوەبردنی دادگاکان، سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری گشتی لە عێراق ئەوەندی رۆژانە خەریکی گفتوگۆی کەسایەتییە سیاسییەکانە، ئەوهندە خەریکی چاودێریکردنی دۆخی دادوەری نیە."
بەرەی گەل بە وردیی قسەکانی محەممەد حەسانی شیکردووەتەوە و باس لەوە دەکات، "لە بڕگەیەکی دیکەی دیمانەکەی حەسان دەڵێ چاودێری دادگاییکردنی شاسوار عەبدالواحید و لاهوور شێخ جەنگیمان کردووە، دۆسیەکانیان سیاسی نییە. ئێمە لە بەرەی گەل محەممەد حەسان دەخەینە بەردەمی پرسیارێکی یەکلاکەرەوە، کەی و لە کوێ دادگاییکردنی لاهووری شێخ جەنگی و هەڤاڵەکانی بینیوە، ئەی بۆ ئێمە و پارێزەرەکانی خەڵکی کوردستان نەیانزانیوە، ئەی ئەو بەڵگەیەى لەکوێ هێناوە و لە کوێی داناوە کەوا دۆسیەکەی سیاسی نییە. ئەی پێمان ناڵێیت دۆسیەکەی چییە."
راشیگەیاندووە، گوایە محەممەد حەسان دەڵێ، "دادگە لە تەواوی عێراق، بە سلێمانییەوه، تەندروسته،" لە کاتێکدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، "تاوانباری سەرەکیی کردەوە تاوانکارییەکەی رۆژی 22-08-2025ی سەر لالەزاری شاری سلێمانییە. زیاتر له 20 هەزار چەکدار و دەیان جۆر چەکی قورس لەم کردەوەیە بەکارهاتووه، ئەی حەسان پێمان ناڵێت دادگە ئەوکات لە کوێ بوو، بە کام یاسا ئەم کردەوە سەربازیە ئەنجامدرا. لە کاتێکدا سەرۆکی یەکێتی چەندین جار له کۆڕ کۆبوونەوەکان رایگەیاندووه، باوەڕی بە دادگاکانی کوردستان نییه."
بەرەی گەل بڕوای وایە، ئەگەر محەممەد حەسان ئەوەندە دڵنیایه لە تەندروستی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەکان، "ئەی بۆ ناپرسێ چۆن دەبێ چەند سزادراوێک بە لە سێدارەدان لەلایەن دادگایەکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی پەنایداون و لێپرسراوێتی گەورەی لەسەرکردایەتی حیزبەکەی و هێزە چەکدارەکان پێداون."
'داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لێپێچینەوە له نوێنەرەکەی خۆی لە عێراق بکات'
بەرەی گەل، حەسان بە نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتدارە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "تۆ هەر لەسەرەتاوە کە هاتیتە عێراق زۆر سەیر و دوور لە ئادابی گشتیی کارەکەت، لە کۆڕ و کۆبوونەوەی لێپرسراوە عێراقیەکان دەردهکەوتیت، ئەوکات خەڵکی عێراق گومانیان خستە سەرت وەکو کەسایەتییەکی بێلایەن و ئەرک بۆ دارێژراوی بنەما گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکەی.
ئاماژەش بە رۆڵی نێردەی پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق دەکات و رایگەیاندووە، "پێش تۆ خاتوو جنین پلاسخارت چەندین جار هۆشداری دا لەبارەی خراپی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی سەروەری یاسا و خراپی کارکردنی دادگاکان و رێز نەگرتن لە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە لێرەوە داوا لە بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لێپێچینەوە له نوێنەرەکەی خۆی لە عێراق بکات، چونکه بە لێدوانەکانی گومانی گەورەی خستە سەر راستگۆیی و روونیی نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیهان بەگشتی و لە عێراق بەتایبەتی."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بەرەی گەل دووپاتی دەکاتەوە، "بۆ رای گشتیی جیهان، عێراق و کوردستان رایدەگەیێنین سەرلەبەری قسەکانی محەممەد حەسان رەتدەکەینەوە، یەکەميان لە تەندروستی سیستەمی دادوەری لە عێراق و دواتر لە سیاسی نەبوونی دۆسیەکەی سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل بەڕێز لاهور شێخ جەنگی وهەڤالەکانی، ئازادی بۆ لاهوری شێخ جەنگی و هەڤالەکانی، بەڵێ بۆ سەروەرکردنی یاسا له تەواوی عێراق."