رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یونامی) لە کۆتایی ئەم ساڵ دا تەواو دەبێت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایدەگەیێنێت، گرنگترین دەستکەوتیان دابینکردنی پشتیوانیی تەکنیکی بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "ئێستا عێراق نموونە و مۆدێلێکە بۆ هەڵبژاردنەکان."
د. محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رۆژی 2/12/2025 لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک، باسی دەستکەوتەکانی یونامی، هۆکاری کشانەوەی نێردەکەیان لە عێراق، هێرشەکانی سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، پرسی ئاوارەکان و چارەنووسی زیاتر لە 100 هەزار کوردی ئێزدی دانیشتووی کەمپەکان، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم عێراق، پەیوەندیی نێوان قەوارە سیاسییەکانە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد حەسان:
رووداو: د. محەممەد حەسان، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی بە رووداوت دا. لە کاتێکدا ماوەی ئەرکی یونامی (UNAMI) لە کۆتایی ئەم ساڵ دا بەرەو تەواوبوون دەچێت، بە بۆچوونی ئێوە، گرنگترین دەستکەوتی نێردەی یونامی لە عێراق چی بووە؟
محەممەد حەسان: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم. یونامی دەستکەوتی زۆری هەبووە، بەڵام ئەو دەستکەوتانە بەبێ قوربانیدان و کارکردنی گەلی عێراق و سەرکردەکانی عێراق لە سەرتاسەری وڵات دا بەدینەدەهاتن. بە راشکاوی بڵێم، گرنگترین دەستکەوت ئەوە بوو کە توانیمان پشتیوانیی تەکنیکی بۆ هەڵبژاردنەکان دابین بکەین، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق دا. ئێستا عێراق نموونە و مۆدێلێکە بۆ هەڵبژاردنەکان. پرۆسەکە بە رەوانی و بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو. هەروەها توانیمان لەگەڵ عێراقییەکان کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ. شتێکی دیکەش، توانیمان عێراق لە ناوچەیەکی ئارام دا بهێڵینەوە و دووری بخەینەوە لەو ململانێ و گۆڕانکارییانەی لە سووریا روویاندا، هەروەها لە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو جەنگەی کە بە جەنگی 12 رۆژە ناسرا.
رووداو: لە گوتارەکەت دا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاماژەت بەوە کرد کە عێراق هێشتا رووبەڕووی چەندین بەربەستی گەورە دەبێتەوە. ئایا زوو نییە بۆ یونامی کە عێراق بەجێبهێڵێت لە کاتێکدا وڵاتەکە کۆمەڵێک کێشەی هەیە؟
محەممەد حەسان: دەزانی کێ بڕیار لەسەر ئەمە دەدات؟ نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. ئەوە گەلی عێراق و سەرکردایەتی عێراقن، کاتێک ئەوان باوەڕیان وایە کاتی ئەوە هاتووە کاروبارەکان بگرنە دەست، گوتیان دەیانەوێت ئەم ئەرکە، واتە ئەرکە سیاسییەکە، کۆتایی بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەرداری عێراق دەبێت. نەخێر، لانیکەم 27 بۆ 28 ئاژانسی تایبەتمەند لە عێراق کار دەکەن.
رووداو: لە ماوەی رابردووداو بینیمان هێرشێکی گەورە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کرایە سەر پاڵاوگەیەکی گەورەی گاز و کێڵگەی گاز لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە نزیکەی لەسەتا 80ی کارەبای هەرێمەکە بڕدرا. هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەوە تاریک بوو. مەبەستم ئەوەیە، ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە کە عێراق بەردەوام رووبەڕووی دەبێتەوە، نازانم بۆچی لەم کاتەدا عێراق دەیەوێت یونامی وڵاتەکە بەجێبهێڵێت؟
محەممەد حەسان: باشە، ئاڵنگاری و کێشە هەر روودەدەن، بەڵام سەرکردەکان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن؟ هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەم دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی کارەبا بگەڕێنێتەوە، کە ئەمەش خێراییەکی زۆرە وەک خێرایی رووناکی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانەی بەر ژێرخانی کێڵگەکە کەوتبوو. هەروەها حکومەتی عێراق بەرپرس نییە لەم هێرشە. ئەمە زۆر گرنگە. حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کراوە و روون لەم بارەیەوە بکات و ئەنجامدەران و بەرپرسانی ئەو کارەش سزابدات.
رووداو: د. حەسان، خەڵکێکی زۆر لە کوردستان هەست دەکەن حکومەتی عێراق بەرپرسە، چونکە زۆر لەم کەسانە لەسەر لیستی مووچەی حکومەتن. ئێمە بە تەواوی نازانین کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام گومانێکی زۆر بەهێز هەیە کێ لە پشت ئەمەوەیە؛ ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات، ئەمە ئەوەیە کە هەمووان گومانیان لێی هەیە؟
محەممەد حەسان: من دیپلۆماتکارم، بەدوای گوماندا ناچم، پشت بە راستییەکان دەبەستم. پێموایە سەرکردایەتی لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستانیش، دەیانەوێت راستییەکان روونبکەنەوە. حکومەتەکەی سەرۆکوەزیران سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە راستییەکان دەسەلمێنن، تەنانەت لەو رووەوە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەممەرییان ناردە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو ناوچەیە بۆ بینینی دامەزراوەکان و ئامادەکردنی راپۆرتێکی باوەڕپێکراو. ئامۆژگاری من ئەوەیە: پێشوەختە حوکم لەسەر حکومەت مەدەن.
رووداو: پێتوایە خەڵکی عێراق نازانن کێ ئەمەی کردووە؟ قسەیەک لەنێو خەڵکی عێراق و لەنێو کورد هەیە دەڵێت: کاتێک ناتەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەیت، لێژنەیەکی بۆ دروست دەکەیت. بۆچی وەک تاوانێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دا ناکرێت؟
محەممەد حەسان: نەخێر، شتێکت پێدەڵێم، لە سیاسەت دا، نابێت بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای "لەوانەیە" یان گریمانە یان بەڵگەی یەکلایینەکەرەوە بدەین، ئەوە کارەساتە. بۆیە پێموایە ئەو رێکارەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراوە، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە راستییەکان ساخ بکرێنەوە. ناکرێت خەڵک تۆمەتبار بکەیت و راستەوخۆ رێوشوێن بەرامبەریان بگریتەبەر، چونکە دەکرێت ئەوانە نەبن کە تۆ ئاماژەیان بۆ دەکەیت یان پەنجەی تۆمەتیان بۆ رادەکێشیت. بۆیە بۆ هەر حکومەتێک، نەک تەنیا لە عێراق، دەبێت راستییەکان بسەلمێنن.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم عێراق دا چییە بۆ ئەوەی بەرەوپێش بڕوات؟
محەممەد حەسان: لە گفتوگۆ و دیدارەکانم دا لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان و سەرکردایەتی سیاسی، هەمیشە کرانەوە و روونی هەیە، چونکە لە کۆتاییدا ئەوان وڵاتەکەی خۆیانیان خۆشدەوێت. هیچ وڵاتێک لە جیهان دا نییە بڵێت کێشەمان نییە. رەنگە کێشەکانی عێراق کەمتر بن لە هەندێک وڵاتی دیکە. ئێستا هەڵبژاردنەکان تەواو بوون و، پێموایە بەم زووانە راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و حکومەتی نوێی عێراق دەبینین. هەموو ئەو بەربەستانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، دڵنیام چارەسەر دەکرێن. ئەوەی لە 2003 بینیتان و ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینن زۆر جیاوازە. عێراق وڵاتێکی تەواو جیاوازە. یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان کە ئەمڕۆ رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە پەیوەندی نێوان قەوارە سیاسییەکانی عێراقە. دەستووری عێراق باسی سیستمی فیدراڵی دەکات، ئەم تێنەگەیشتنە بە مووچەی هەندێک لە کارمەندانی دەوڵەتیشەوە، دەبێت ئەمە لە رێگەی میکانیزمێکەوە چارەسەر بکەین کە هەموو لایەنەکان قبووڵیان بێت و رێزی لێبگرن. ئەمە یەکەم. دووەم، هێشتا ژمارەیەک ئاوارەی نێوخۆیی هەن، نزیکەی ملیۆنێک، بەتایبەتی ئێزدییەکان لە دهۆک کە نزیکەی 100 هەزار کەسن، ئەو خەڵکە 11 ساڵە لەوێن. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی و بۆ ماڵەکانیان لە شنگال. هیچ شتێک نییە رێگری لەمە بکات. من باوەڕێکی تەواوم بە دانایی سەرکردەکانی عێراق هەیە، هەروەها لە کوردستانیش. لەگەڵ سەرکردە بەڕێزەکانی کوردستان دانیشتووم، بەتایبەتی کاک مەسعود، کاک مەسرور، کاک نێچیرڤان، کاک قوباد و کاک بافڵیش، هیچ شتێکم نەبیستووە جگە لە پشتیوانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و هەبوونی باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای سیستمی فیدراڵی و دەستووری عێراق. بە پێچەوانەشەوە، هیچ شتێکی دژ بەمە لە بەغداوە نەبیستووە، بەتایبەتی لەلایەن سەرۆکوەزیران سوودانی و سەرکردەکانی دیکەوە.
رووداو: بەڵام نزیکەی دەیەیەکە خەلافەتی داعش تێکشکێندراوە، کەچی هێشتا باس لەوە دەکەیت زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی لە کەمپەکان دا دەژین. بۆ ئەمە بەڕاستی، نازانم چ وشەیەک بەکاربێنم، ئەوە خەریکە زستانیش دێت. بەڕاستی کێ بە بەرپرس دەزانیت لەمە؟ عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندی نەوتە و سامانێکی زۆری هەیە. بۆچی ئەمە چارەسەر ناکرێت؟ ئەم خەڵکە زەحمەتی زۆریان دیوە.
محەممەد حەسان: دووبارە دەیڵێمەوە، من دیپلۆماتکارم. گلەیی و تۆمەت ئاراستەی کەس ناکەم، بەڵام پێموایە لەوانەیە کارە لە پێشینەکانی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا جیاواز بووبن، چونکە تەنیا دەیانویست ئاشتی و ئاسایش بەدەستبێنن. کاتێک وڵاتێک ئاشتی و ئاسایشی نەبێت، بەڕاستی ناتوانێت کاری زۆر بکات. ئێستا دەتوانم بڵێم عێراق ئارامترە، زیاتر لە ئاشتی دایە لەگەڵ خۆی و بە هیواین لەگەڵ دراوسێیەکانیشی وابێت. ئێستا دەبێت سەرنج بخەنە سەر ئەم کێشانە و هەوڵی کۆتایی پێهێنانیان بدەن، هیچ گومانێکم نییە کە عێراق توانای ئەوەی هەیە. مانەوەی یەک عێراقی لە کامپ یان بە ئاوارەیی بۆ عێراق باش نییە، وڵاتێک کە خاوەنی ئەو هەموو سەرچاوە و سامانەیە.
رووداو: با باسی پێکهێنانی حکومەت بکەین. گوتت کە ئومێدت هەیە یان گەشبینیت کە بەمزووانە حکومەتێکمان لە عێراق دەبێت؟
محەممەد حەسان: بێگومان.
رووداو: چی وای لێکردووی ئەوەندە گەشبین بیت؟
محەممەد حەسان: چونکە پرۆسەکە بەو شێوەیەیە. عێراقییەکان هەڵبژاردنیان قبووڵ کرد کە دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەت.
رووداو: ئەی سەبارەت بە ئەنجامەکان؟ ئایا ئەوەندە یەکلاییکەرەوە بوون کە هاوپەیمانێتی لەنێوان پارتە هاوبیرەکاندا دروست ببێت؟
محەممەد حەسان: بەڵێ. دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ هاوپەیمانێتی و بۆ ئەوەی سەرکردەکان لە هەردوو لاوە لەسەر هەندێک بەرنامە کۆببنەوە. تەنیا پێویستە کاتیان پێبدەین. هەر ئەوەندە.
رووداو: پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، گەورەترین حیزبە لە عێراق دا، بەپێی دەنگەکانیش وایە. ئەمە چی دەگەیێنێت حیزبێکی کورد ئەوەندە دەنگ لە عێراق بەدەست بهێنێت؟
محەممەد حەسان: ئەمە چ کێشەیەکی تێدایە؟
رووداو: تەنیا دەڵێم ئەمە چ پەیامێک دەدات؟
محەممەد حەسان: ئەمە پەیامێکی باشە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیستمەکە لە عێراق رێگە بە کورد و ئەوانی دیکەش دەدات سەرکەون و ئەنجامی باش بەدەستبهێنن. ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵام هەروەها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان و سەرکردەکانی کوردستان دەزانن چۆن یارییە سیاسییەکە بکەن، زۆر بە وردی و بە یەکگرتوویی. هەر بۆیەش خەڵک پشتیوانی و جەماوەریان پێبەخشیون. ئەمە لەخۆڕا نەهاتووە. ئەمە دەرەنجامی ئەو کارانەیە کە کردوویانە و وایکردووە خەڵک جارێکی دیکە و دووبارە متمانەیان پێ ببەخشنەوە.
رووداو: کێشەیەکی دیکە لە عێراق، کە بۆ من وەکو رۆژنامەڤانێک شتێکی تایبەتە، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی قسەکردنە. بەردەوام دەبینین رۆژنامەڤانان ئازار دەدرێن، دەترسێندرێن و تەنانەت دەستگیر دەکرێن، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. رەنگە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر بێت. پێتوایە ئەمڕۆ لە کوێین بەراورد بەو کاتەی ئەرکی یونامی دەستی پێکرد؟
محەممەد حەسان: دەزانیت، رۆژنامەگەری پیشەیەکی زۆر سەختە، ئەوانەی وەکو تۆ کاری رۆژنامەگەری دەکەن، هەندێک جار رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبنەوە و دەکەونە دۆخی سەخت و بارودۆخی دژوارەوە بۆ گەیاندنی راپۆرت و دەرخستنی راستییەکان. عێراق لەمەدا تاقانە نییە. لە زۆر وڵاتی دیکەشدا ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری رووبەڕووی بەربەست و سنووردارکردن دەبێتەوە. با عێراق لە جیهان جیانەکەینەوە. عێراقیش وەکو وڵاتانی دیکەیە، بەڵام بەڕای من، بڕوام وایە ئازادی رادەربڕین و قسەکردن لە عێراق زۆر زیاترە، زۆر زیاتر لە زۆر وڵاتی دیکە.
رووداو: هاوڕام لەگەڵ ئەوە، بەڵێ. بێگومان زیاتر لەوەی لە تورکیا هەیە؟
محەممەد حەسان: لەوانەیە. من ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنم. من بڕوام وایە تورکیا ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەریی هەیە.
رووداو: باشە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا پێکنەهێندراوە. زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە لەوەتەی دوایین جار هەڵبژاردنمان کرد. رات چییە لەسەر ئەوە؟
محەممەد حەسان: هەندێک کەس وەکو شتێکی نەرێنی سەیری دەکەن، بەڵام من وەکو نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بەو شێوەیە سەیری ناکەم. پێموایە رەنگە ئەمە رەنگدانەوەی ئەوە بێت کە سەرکردەکانی کوردستان چەندە بە پەرۆشن حکومەتێکی تەواو و بێ کێشەیان دەوێت. کاتێک خواردنێک ئامادە دەکەیت، کاتی دەوێت تاوەکو بە جوانی و بە دروستی و بەپێی ستاندارد لێدەنرێت.
رووداو: بە راستی تۆ دیپلۆماتکاریت.
محەممەد حەسان: نەخێر. نەخێر، بەڵام ئەمە راستییەکەیە. من لەگەڵ هەندێک لە سەرکردە بەڕێزەکانی کورد کۆبوومەتەوە، ئەمە ئەو ئاماژەیەیە کە پێم گەیشتووە: ئەوان شتێکیان دەوێت کە کوردستان بۆ ئاستێکی دیکە ببات. دەیانەوێت دڵنیابن ئەوانەی دەبنە بەشێک لە حکومەت بە باشی هەڵبژێردراون، زۆر پیشەیین و دەتوانن خزمەتی کوردستان بکەن.
رووداو: کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو؟
محەممەد حەسان: دروست وایە. بە شێوەیەکی نەرێنی سەیری مەکەن.
رووداو: لە گفتوگۆکانت لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، ئایا بەهیوای کە بەمزووانە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش ببینین؟
محەممەد حەسان: بێگومان بەڵێ. هیچ گومانێکم نییە. هیوادارم بەمزووانە حکومەتی کوردستان و هەروەها حکومەتی عێراقیش ببینن، شتێکە کە دەبێت بەمزووانە رووبدات، چونکە خەڵک چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆئەوەی سەرکردەکانیان هەڵبژێرن. ئەمە هەنگاوێکی سرووشتییە، دەبێت حکومەتێک پێکبهێنن کە رەنگدانەوەی هیوا و داواکاری و ئیرادەی گشتیی خەڵکی کوردستان و عێراق بێت.
رووداو: مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکە بووەتە کێشە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا تۆمەتبار دەکات بە نەناردنی بودجە و مووچە. بۆچی هێشتا ئەم کێشەیەمان هەیە؟
محەممەد حەسان: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. لە کۆتاییدا، ئێمە لە یونامی رێز لە کاروباری نێوخۆی عێراق دەگرین، بە شێوەیەکی گشتی دەست لەمە وەرنادەین، بەڵام بڕوام وایە دەبێت کۆبوونەوە و دانوستاندن لەنێوان عێراقییەکان دا هەبێت، چونکە ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە مووچەوە نییە. پەیوەندیی بە تەواوی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستان و هەروەها عێراقەوە هەیە بەگشتی. بەرپرسیارێتی لەسەر هەردوو لایە. دەبێت ئەنجامیان هەبێت. جیاوازییەکە ئەوەیە هەندێکیان دەڵێن، "دەبێت سەرەتا ئێوە جێبەجێی بکەن" و، ئەوی دیکە دەڵێت، "دەبێت دواتر جێبەجێی بکەن."
رووداو: با باسی داهاتووی جەنابت بکەین. چی ماوە لە عێراق بیکەیت؟
محەممەد حەسان: ئەوەی ماوە ئەوەیە کە پێویستم بە چەند رۆژێکی تەواو هەیە لە کوردستان بەسەری بەرم، بەتایبەتی لە نزیک هەولێر و دهۆک. ناوچەیەکە کە زۆرم خۆشدەوێت. خەڵکەکەی، خواردنەکەیان، کولتوورەکەیان، هەڵپەڕکێکانیان، میوزیکەکەیان، زەردەخەنەکەیان، بەڕاستی دڵخۆشم دەکەن. هەروەها دەمەوێت بچمە خوارەوە بۆ باشوور بۆ بەسرە و هەندێک لە ناوچەکانی ناسریە، تەنیا بۆئەوەی عێراق ببینم. وەک ئەوەی دەمەوێت عێراقم نەبینیوە. زۆر سەرقاڵ بووم. کاتی ئەوە هاتووە بیر لە بینینی جوانیی ئەم وڵاتە بکەمەوە. عێراق پڕە لە خەڵک کە زۆر سەربەرزن، زۆر رۆشنبیرن، زۆر بەخشندەن. حەز دەکەم کەمێک کات لە عێراق بەو شێوەیە بەسەر بەرم.
رووداو: رووداو و یونامی پێکەوە کاریان لەسەر پڕۆژەیەکی گرنگ کرد بۆ یارمەتیدانی ژنان تاوەکو ببنە رۆژنامەڤان. بۆچوونت لەسەر دۆخی گشتی میدیا لە عێراق چییە، بۆچی رووداوتان هەڵبژارد تاوەکو کاری لەگەڵ بکەن؟
محەممەد حەسان: رووداو رەنگە یەکێک بێت لە دیارترین دەزگا میدیاییەکان کە لە عێراق بینیبێتم. بە راشکاوی قسە بکەین، لەبیرت بێت، هیچ وەزارەتێکی راگەیاندن لە عێراق نییە.
رووداو: ئەوەش شتێکی باشە.
محەممەد حەسان: وایه؟ نازانم. حوکمەکە بۆ تۆ جێدەهێڵم، بەڵام ئەگەر وەزارەتی راگەیاندنت نەبێت، ئەوانی دیکە دەزگای راگەیاندنی خۆیان دەبێت، وەکو سەرکردە سیاسییەکان و پارتەکان، بۆیە ئەوان بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە. من لە دڵەوە بڕوام وایە کە عێراق پێویستی بە وەزارەتێکی راگەیاندنە کە چاودێری هەموو عێراق بکات، نەک تەنیا لایەنێک یان رەوتێک یان حیزبێک. هیوادارم لە رۆژانی داهاتوودا ئەوە رووبدات، بەڵام رووداو یەکێک بووە لە چالاکترین دەزگا میدیاییەکان لە عێراق. میدیای دیکەش هەن لە بەغدا، ئێمە لە یونامی، زۆر بە نزیکی لەگەڵ میدیای عێراقی کار دەکەین. میدیا لە عێراق بەداخەوە زۆر سیاسی کراوە. هەر حیزبێک دەزگای میدیایی خۆی هەیە. ئێمە دەمانەوێت میدیایەک ببینین کە گوزارشت لە هەموو عێراق بکات، نەک یەک گرووپ، نەک یەک حیزب، نەک یەک سیاسەتمەدار، بڕوام وایە ئەمە مافی عێراقییەکانە. ئەمە ئەوەیە کە لە عێراق کەمە: هەوڵدان بۆ قسەکردن بە ناوی عێراقەوە. جیاوازییەکی زۆر نییە لە نێوان عێراقییەک لە دهۆک یان عێراقییەک لە بەغدا یان لە بەسرە. هەموویان لە کۆتاییدا عێراقین و، هەمان نیگەرانییان هەیە: ئاشتی، پەروەردە، تەندروستی باش، هەموویان هەمان هیوا و ئاواتیان هەیە.
رووداو: رەنگە دوا پرسیارم بێت، پێشتر لەبیرم چوو ئەمە بپرسم کاتێک باسی هەڵبژاردنەکانی عێراقمان کرد. لێدوانەکەت بە شێوەیەکی گشتی ئەرێنی بوون سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان. راستگۆ بم، یەک رەخنەم نەبینی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان. لە کاتێکدا، زۆر باش دەزانیت، بۆ زۆر کەس بەو شێوەیە ئازاد و دادپەروەرانە دەرنەکەوت. بۆ نموونە، لە هەرێمی کوردستان، دوو سەرکردەی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لە زیندانن. هەڵبژاردن چۆن ئازاد و دادپەروەر دەبێت کاتێک سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان دەخەیتە زیندانەوە؟
محەممەد حەسان: باشە، دەبێت جیاوازی بکەیت لەنێوان پرۆسەی هەڵبژاردن و رەفتاری حیزبە سیاسییەکان و سەرکردە سیاسییەکان. ئەمە قسەی من نییە، تەنانەت ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ستایشی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان کردووە. کارێکی باشیان کردووە. ئێمە رووداوی کوشتنمان نەبینی. پێشێلکاریی بەرفراوانمان نەبینی. بەڵێ، هەندێک دەنگۆمان بیست، هەندێک کەس هەوڵی فرۆشتنی کارتی دەنگدانیان دەدا، بەڵام ئەوانە رووداوی زۆر دەگمەنن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بە کۆمیسیۆنی سەربەخۆشەوە. پێم وانییە دەبێت گومانی نەرێنی بخەیتە سەر هەڵبژاردنەکان، چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەمووان پێیان وابوو یەکێک بوو لە باشترین هەڵبژاردنەکان، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو رەنگە لە ناوچەکەش دا.
رووداو: پێم وایە ئەمە پرسیارێکی رەوایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەخنەی لە تورکیا گرت بەهۆی خستنە زیندانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە دوای بەدەستهێنانی ملیۆنان دەنگ…
محەممەد حەسان: من وەڵامی ئەوە نادەمەوە.
رووداو: ... ئایا ئەوەش جێگەی نیگەرانی نییە کاتێک سیاسەتمەداران لە عێراق لە زینداندان؟
محەممەد حەسان: من فەرمانبەرێکی نێودەوڵەتیم. بەدوای ئەوەدا دەگەڕێم کە وڵاتان یەکدەخات. هێرش ناکەمە سەر حکومەتەکان. ئەرکی من عێراقە، تورکیا نییە. من رێز لە تورکیا دەگرم، رێز لە سەرکردایەتیی تورکیا دەگرم و پێموایە ئەوەی لەنێوان کوردستان و تورکیادا هەیە زۆر زیاترە لەوەی بیری لێدەکرێتەوە، ئەوان زۆر شتیان هەیە.
رووداو: بەهەرحاڵ، پرسیارەکەم لەبارەی عێراق بوو.
محەممەد حەسان: ئەگەر باسی هەندێک لەو سەرکردانە دەکەیت کە خراونەتە زیندانەوە، نەک لە کاتی هەڵبژاردنەکان، بەڵکو پێش هەڵبژاردنەکان، بەهۆی کەیسەکانی وەک کەیسی تاوانکاری، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە. پەیوەندیی بە بازرگانی و ئەم شتانەوە هەیە، بەڵام من متمانەم بە دانایی سیستمی یاسایی عێراق هەیە بەگشتی. هیوادارم ئازاد بکرێن. پێموایە باسی شاسوار و لاهور دەکەیت، وایە؟
رووداو: بەڵێ، وایە.
محەممەد حەسان: ئەوان بە پرۆسەی دادگادا تێپەڕیون. ئێمە بۆچوونی خۆمان هەیە لەسەر رێکارەکانی ئەو دادگایانە. ئێمە ئامادەی هەندێک لەو دانیشتنانە بووین.
رووداو: چیتان بینی؟
محەممەد حەسان: بینیم کە قۆناخێکی دیکە هەیە بۆ ئەم سیستمە یاساییە کە دەبێت بڕوات و، دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوانەی پێیانوایە لەسەر هۆکارێک لە زینداندان کە بە بڕوای ئەوان رەوا نییە، تاوەکو بگەڕێنەوە بەردەم دادگە.
رووداو: کەواتە پێتوانییە ئەوان زیندانیی سیاسی بن؟
محەممەد حەسان: پێم وانییە زیندانیی سیاسی بن. ئەوان سیاسەتمەدارن، بەڵام ئەو کەیسانەی لەسەریانە پەیوەندیی بە هەندێک مامەڵەی بازرگانییەوە هەیە، ئەوە ئەوەیە کە من دەیزانم. من شاسوار بە شەخسی دەناسم، لاهووریش دەناسم. چاوم پێیان کەوتووە، سەردانم کردوون لە زیندان، دەسەڵاتدارانی عێراق لە کوردستان رێگەیان پێدام بەبێ هیچ رێگرییەک بچمە لایان، لەگەڵیان دابنیشم و قسەیان لەگەڵ بکەم. من متمانەی تەواوم بە سیستمی یاسایی هەیە لە عێراق بەگشتی.
رووداو: د. محەممەد حەسان، زۆر سوپاس بۆ قسەکردنت بۆ رووداو، سوپاس بۆ کاتت و کارکردنت بۆ ئەوەی عێراق بکەیتە کۆمەڵگەیەکی باشتر بۆ هەمووان. زۆر سوپاس.
محەممەد حەسان: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ