زیانی لافاو لە چەمچەماڵ؛ دایکێک: هەموو شتێکمان لە نێوچوو

27 خولەک له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی باشووری کوردستانی گرتەوە، لافاو زیانی بە 500 ماڵ و 100 دووکان لە چەمچەماڵ گەیاند. دایکێک کە لافاو ماڵەکەی بردووە دەڵێت، "براکەم نەخۆشە و حەوت منداڵی وردمان هەیە، ئێستا هیچمان نەماوە."
 
دوێنێ سێشەممە 9-12-2025، لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان دروستبوو و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانییە.  بەگوتەی قایمقامی قەزاکە، زیان بەر 500 ماڵ و 100 دووکان کەوتووە. 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەڕەکی باواییەکانی ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی گیرانی ئاوەڕۆ و رێڕەوەکانی ئاو، ئاو چووەتە نێو ماڵەکان و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتوون.
 
ژمارەیەک ماڵ لە ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ لە دوێنێ شەوەوە، دوو جار بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە. بورهان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە بە رووداوی راگەیاند، ''بارانێکی بەخووڕ باری و زۆربەی ئەو ماڵانەی لەسەر رێڕەوی ئاوەکە بوون، زیانی زۆریان بەرکەوتووە.''
 
بورهان عەبدوڵڵا گوتی: "بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، لە ناحیەکە ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 150 بۆ 200 خانوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لافاوەکە لە رۆژدا دروستبوو، هاونیشتمانییان توانیان رزگاریان ببێت."
 
"تەنانەت خواردنیشمان بۆ دەرنەچوو"
 
لە گەڕەکەکەدا ماڵێک هەیە کە حەوت کەسی تێدا دەژی و دۆخی داراییان خراپە. لافاوەکە چوار مانگا و چوار گوێرەکەی لێ خنکاندوون و ماڵەکەشیانی پڕ کردووە لە ئاو و قوڕ.
 
خوشکی خاوەن ماڵەکە بە گریانەوە بە (رووداو)ی گوت: "حەوت منداڵی وردمان هەیە، براکەم خۆی نەخۆشە و هەردوو گورچیلەی تەواو نین. ئاو چووەتە نێو ماڵمان و هەموو شتێکمان لەنێوچووە."
 
ئەو ئافرەتە باسی لەوە کرد، کاتی لافاوەکە تەنیا فریای منداڵەکان کەوتوون و گوتی: "نە دایکم ماوە و نە باوکم. ئەو خانووە بە پارەی خەڵک، زەکات و سەرفترە کڕاوە، بەڵام ئێستا تەنانەت هیچ خواردنێکیشمان بۆ دەرنەچووە."
 
بە تەنیا دەژی و لافاو ماڵەکەی بردووە
 
سوەیلە کەریم، ژنێکی بەساڵاچووی دانیشتووی هەمان گەڕەک، کە هەموو ژیانی بۆ خزمەتکردنی دایکی تەرخان کردبوو و شووی نەکردبوو، ئێستا بە تەنیا دەژی و لافاو زیانی بە ماڵەکەی گەیاندووە.
 
سوەیلە کەریم بە پەیامنێری رووداوی گوت: "خێرخوازان ئەو خانووەیان بۆ دروست کردم، بەڵام لافاو ژیانی لێ تێکدام. من کەسێکم نییە هاوکاریم بکات و ئێستا هەموو شتێکم لەنێوچووە."
 
مامۆستایەک پشیلە رزگاربووەکەی بردە هەولێر
 
لەگەڵ روودانی لافاوەکەدا، دیمەنی پشیلەیەک لە پەنجەرەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بڵاوکرایەوە کە خۆی لە لافاو رزگار کردبوو. دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکە لە رووداو، مامۆستایەک لە هەولێرەوە چوو بۆ چەمچەماڵ و پشیلەکەی لەگەڵ خۆی بردەوە.
 
ئەو مامۆستایە گوتی: "لە ماڵەوە نزیکەی حەوت پشیلەی دیکەمان هەیە و بەخێویان دەکەین. ئەو پشیلەیەش دەبێتە یەکێکی دیکە لەوان. وەک شتێک لە رێگەی خوا و بۆ ئاسوودەیی خۆم ئەم کارە دەکەم."
 
"شایەتومانم هێنا"
 
ئالان هێمن، گەنجێکی دانیشتووی ناحیەی تەکیەیە و لافاو ئۆتۆمبێلەکەی 2000 مەتر راپێچاوە.
 
ئەو گەنجە ساتەوەختی رزگاربوونی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لافاوەکە هێندە بەهێز بوو، هەناسەم بڕا و چەند جارێک شایەتومانم هێنا. ئاوەکە کێشامی بە شۆستەی شەقامەکەدا و دواتر شۆفڵێک فریام کەوت و دەریهێنامەوە."
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 24 کاژێردا لە سنووری چەمچەماڵ 127.1 مللیمەتر باران باری.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە