رووداو - كەركووك
ئامارەكانی ساڵی رابردوو دەریدەخەن كە ساڵێكی خۆش نەبووە بۆ ژنانی كەركووك، چونكە ژمارەیەكی زۆر ژن توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و كار گەیشتووەتە ئەوەی بە بۆڕی لێیان بدرێت و دەستیان بشكێندرێ.
بەشێكی زۆربوونی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان بۆ هاتنی بە لێشاوی ئاوارەی عەرەب بۆ شارەكە دەگەڕێتەوە، بەرپرسانی ئەمنیی شارەكە دەڵێن زۆر لە ئاوارە عەرەبەكان بەهۆی خراپی رەوشی ئابوورییانەوە، بەرامبەر ئافرەتەكانیان توندوتیژن.
بەپێی ئامارێكی بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی پارێزگای كەركووك كە دراوەتە (رووداو)، ساڵی رابردوو 209 ئافرەت سكاڵایان تۆمار كردووە، لەو سكاڵایانەش 178یان یەكلایی بوونەتەوە، ئەویش بە سزادانی تاوانباران یان سوڵحی نێوان خاوەن كێشەكان، 31 داواكەی دیكە هێشتا لە دادگان.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، 172 ژن بە تۆمەتی پەنابردن بۆ توندوتیژی، داوای یاساییان لە دژی مێردەكانیان تۆمار كردووە. 13 پیاویش داوای یاساییان لە دژی ژنەكانیان تۆمار كردووە، هەروەها 5 كوڕ داوایان لەسەر باوكیان و دوو باوكیش داوایان لە دژی كوڕەكانیان تۆمار كردووە.
بەڵام ساڵی 2014، هەم داواكان و هەمیش رێژەی توندوتیژییەكان بەرامبەر ژنان كەمتر بوون، بەشێوەیەك 190 داوای یاسایی تۆماركراون، لەو ژمارەیەش 162 داوا لەلایەن ژنانەوە لە دژی پیاوەكانیان تۆماركراون و 9 داواشیان لەلایەن پیاوانەوە لە دژی ژنەكانیان بووە. هەروەها 14 كوڕیش لە دژی باوكیان داوایان تۆماركردووە و دوو باوكیش لە دژی كوڕەكانیان.
سەرچاوەیەك لە بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ لە پۆلیسی كەركووك بە (رووداو)ی گوت "ئەو توندوتیژییانە 80%ی لەلایەن ئاوارە عەرەبەكان و 20%یشی لەلایەن خەڵكی شارەكە تۆماركراون". گوتیشی "توندوتیژییەكان زۆر زیاترن، چونكە 100 كێشە بەر لەوەی بكرێنە سكاڵا لە دادگا، لە بەشەكەمان چارەسەر كراون".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هۆكاری سەرەكی توندوتیژیی نێو ئاوارەكان پەیوەندی بە خراپیی باری ئابوورییانەوە هەیە "بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە پێش هاتنیان بۆ شاری كەركووك باری داراییان زۆر باش بووە، بەڵام ئێستا لە خراپترین دۆخی ئابووریدا دەژین و بەو هۆیەشەوە توندوتیژی خێزانی لە نێویاندا زۆر بووە".
سەرچاوەكەی بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ چەند نموونەیەكی لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان كراون باس كرد و گوتی "زۆربەی توندوتیژییەكان لێدانە، دوو ژن لەلایەن پیاوەكانیانەوە بە بۆڕی لێیان درابوو، بەو هۆیەشەوە دەستیان شكابوو، ئەوەش دوو حاڵەتی زۆر كاریگەر بوون لامان. هەندێكیشیان لە ماڵەوە زیندانی كراون".
سروود محەممەد، بەرپرسی رێكخراوی هیوا كە گەورەترین رێكخراوی داكۆكیكارە لە مافی ژنان لە شاری كەركووك، دەڵێت توندوتیژییەكان بەرامبەر ئافرەتانی كەركووك زۆر زیاترن لەوەی باس دەكرێ. سروود گوتی "ساڵی رابردوو نزیكەی هەزار ئافرەت سەردانیان كردووین كە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و زۆربەیان ئاوارەی عەرەب بوون".
ئەوەی سروود لەو توندوتیژییانە تێبینی كردووە، ئەوەیە كە لێدان لە ژنان لەلایەن ئاوارە عەرەبەكانەوە زۆر بووە. هەروەها دەڵێت "ئێستا ئاوارەكان لەبەر خراپیی باری ئابوورییان كچەكانیان لەبەرامبەر مارەیی نزیكەی 2-3 ملیۆن دینار بەشوو دەدەن و دوای مانگێك ئینجا جیادەبنەوە، ئەوەش جۆرێكە لە زەواجی كاتی، خێزان هەیە كچەكانی چەند جارێك بەو شێوەیە بەشووداوە".
سروود گوتی "پیاو دەناسم هەر لەبەرئەوەی ئاوارەكان بە نرخێكی هەرزان كچەكانیان بەشوو دەدەن، دوو ژنی عەرەبی هێناوە و هەریەكەیانی لە خانوویەكدا داناوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ