بەرپرسێکی تەڤگەری ئازادی: رێگرکردن لە کارەکانمان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری گەیاند

11-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادی کوردستان رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقیان کردووە، جگە لە باسکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بابەتی مووچەی فەرمانبەران، باسیان لە بابەتی رێگری کارکردن لە پارتەکەیان لە دوو پارێزگای کوردستان کردووە، دەشڵێت، "داوامانکرد عێراق هەڵوێستی هەبێت لە دژی ئەو هێرشانەی خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج."
 
رۆژی سێشەممە، شاندێکی تەڤگەری ئازادی کوردستان سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیان کرد. 
 
شەوی چوارشەممە، 10-1-2024، جومعە کەریم، بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ د.فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری باسی ژمارەیەک پرسیان کرد، لەنێویاندا داوایانکرد بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مامۆستایان چارەسەر بکرێت کە ماوەیەکی زۆرە خۆپێشاندان دەکەن و مووچەی فەرمانبەران لە ناکۆکییە سیاسییەکان دەربهێندرێت.
 
جومعە کەریم گوتی، "هەروەها لە باسکردنی رەوشی تەڤگەر پێمانگوت لە دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان کە هەولێر و سلێمانییە کارکردنمان لێ قەدەخەکراوە، هەرچەندە ئێمە پارتێکی مۆڵتپێدراوین بەپێی یاساکانی عێراق، فایەق زێدان رێگریکردنی لەکارکردنی تەڤگەری ئازادیی بە نایاسایی زانی و نیگەران بوو."
 
بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادی کوردستان، گوتیشی کە باسیان لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و داوایان کردووە کۆتایی پێبهێندرێت و خەڵکی سڤیل نەکرێتە ئامانج.
 
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان خۆی بە پارتێکی سیاسیی دەناسێنێت کە لە ساڵی 2014ـەوە دامەزراوە و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بارەگای هەیە، لە کۆنگرەی سێیەمی لە 15ـی تەمموزی ساڵی 2022، ئەو پارتەدا هەریەک لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا بە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردران، بەڵام ئەو پارتە بە تۆمەتی نزیکایەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، چەندین جار بارەگاکانیان داخراوە و ژمارەیەک ئەندامیشیان لێ دەستگیرکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کاتی دانپێدانانی ئەو کەسەی کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی راگەیاندووە و دەڵێت، "گەورە تیرۆریستی داعشە'

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 'گەورە تیرۆریستێکی داعش' دەستگیر دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی "گەورە تیرۆیستێک" بەناوی "سوقرات خەلیل، ناسراو بە عەبدوڵڵا ئەلتەفخیخ" رادەگەیێنێت، کە "کەسێکی نزیک و باوەڕپێکراوێکی گەورەی خەلیفەی داعش بووە."