رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک بەرزبوونەوەی نرخ لە هەرێمی کوردستان، نرخی تەماتە، خەیار و پەتاتە دابەزی. بەرپرسێکی عەلوەی سلێمانی دەڵێ، سەردانی کۆنسووڵخانەی ئێرانیان کردووە و ئەویش یارمەتیدەر بووە بۆ لابردنی قەدەخەی هەناردەی تەماتە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە ئەمڕۆ بە هەزار بۆ هەزار و 250 دینارە".
هەفتەی رابردوو کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی هەولێر گەیشتە دوو هەزار دینار و لە بازاڕدا گەیشتە نزیکەی سێ هەزار دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "نرخی خەیاریش زۆر دابەزیوە و ئەمڕۆ کیلۆیمان داوە بە 200 دینار، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو 500 دینار بوو؛ هەروەها پەتاتە ئەمڕۆ کیلۆی 700 دینارە، هەفتەی رابردوو بە نزیکەی هەزار دینار دەفرۆشرا".
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەوە رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "خەیاری نێوخۆ پێگەیشتووە و هاوردەش بەردەوامە، بۆیە زۆر دابەزیوە. تەماتەش لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و خستنەڕوو زۆرە و خواست کەم، بۆیە ئەویش دابەزیوە".
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەماتە نرخی دابەزیوە و ئەمڕۆ لە عەلوە کیلۆی بە هەزار و 100 بۆ هەزار و 300 دینار فرۆشراوە".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "پێشتر ئێران رێگەی نەدەدا هەموو جۆرەکانی تەماتە بێنە هەرێمی کوردستان. سەردانی کۆنسووڵخانەی ئێرانمان لە سلێمانی کرد و ئەوانیش بەڵێنی هاوکارییان دا. ئێستا رێگە بە هەموو جۆرەکانی تەماتە دەدرێ هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێ".
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر نرخی سەوزە و میوە لە هەرێمی کوردستان هەبوو. بەگوتەی بەرپرسانی عەلوە گەورەکانی سلێمانی و هەولێر بۆ رووداو، 50٪ بۆ 60%ـی بەرهەمی عەلوەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ