رووداو دیجیتاڵ
دوو ساڵ بەسەر فەرمانی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 400 هەزار رەزامەندی و فەرمان بۆ دابەشکردنی زەوی دراون. لەو ژمارەیە زیاتر لە 99 هەزار پارچەیان دابەشکراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر 73 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، لە سلێمانی 20 هەزار، لە دهۆک زیاتر لە 6 هەزار پارچە و لە هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە زەوی دابەشکراون.
چەند هاونیشتمانییەک دەڵێن، فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و "تەنیا ژمارەیەک"یان پێدراوە و نازانن زەوییان لەکوێیە. بەرپرسێکی شارەوانی وەڵامیان دەداتەوە و دڵنیاییان پێ دەدات کە زەوی وەردەگرن.
73 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر دابەشکراون
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 35 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان دابەشکراون.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی: "زەوی بۆ دابەشکردن هەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگەوە رێگە نادرێ درۆنی رووپێوی بفڕێ و نەتوانراوە زەوی نوێ دابەش بکرێ. دۆخەکە تەواو ئارام بووەوە، دابەشکردن دەستپێدەکاتەوە".
لە سنووری شارەوانیی شاری هەولێر 82 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە. ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێک لە شارەوانیی هەولێر بە رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ 38 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەنتەری شار دابەشکراون و "لە نزیکترین ماوەدا بەشی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەین".
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت: "ژمارەیان پێ دراوە و گوایە ژمارەی زەوییە، بەڵام زەوییەکە هەواییە و هیچ پارچە زەوییەکمان نەدیوە و نازانین لە کوێیە".
شارەوانیی هەولێر لە وەڵامی ئەو هاونیشتمانیانەدا بە رووداوی گوت: "ئەوەی ژمارەی زەوی وەرگرتبێت دڵنیاییان پێ دەدەین لە قۆناخەکانی داهاتوودا زەوی وەردەگرن و هیچ کەسێک نامێنێتەوە کە ژمارەی زەوی وەرگرتبێت و نەبێتە خاوەن زەوی، بەڵام رێکارەکان زۆرن و ژمارەی سوودمەندانیش زۆرن".
بەگوێرەی شارەوانیی هەولێر بۆ رووداو، "فەرمانبەرەکان تاوەکو نزیک کاژێر 09:00ـی شەو کاردەکەن بۆ دابەشکردنی زەوی. ژمارەی ئەوانەی مافیان هەیە زۆرە و لە هەولێریش بە شێوەی کارت نییە و دەبێت راستەخۆ وەک تاپۆ وەریبگرن، بۆیە دابەشکردن بە خاوی بەڕێوەدەچێ".
لە سلێمانی 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێک لە شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی دابەشکراون و دابەشكردن وەستاوە.
بەگوێرەی شارەوانیی سلێمانی، رێکاری کارگێڕیی و یاسایی، نەبوونی زەوی پێویست و نەگۆڕینی رەگەزی زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون هۆکاری وەستانی دابەشنەکردنی زەوین.
جگە لە سەنتەری شارەکە، لە 43 شارەوانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی نزیکەی 20 هەزار رەزامەندی دابەشکردنی زەوی دراوە و هیچ زەوییەک دابەش نەکراوە.
بەگوێرەی زانیاری رووداو، لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی، هاوشێوەی شارەوانی شارەکە، "کێشە یاسایی و کارگێڕی و کەمیی زەوی هەیە".
لە دهۆک و هەڵەبجە زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی دابەشکراون
لە پارێزگای هەڵەبجە کێشەی موڵکداری، نەبوونی زەوی پێویست بە رەگەزی نیشتەجێبوون هۆکار بووە بۆ ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 60 پارچە زەوی لە ناحیەی بیارە دابەش بکرێن.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 600 فەرمانبەرمان هەیە کە ساڵی 2005 فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و وەریان نەگرتووە. ئەم مانگە زەوی بۆ ئەوانە دابین دەکرێت و دابەش دەکرێت".
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ لە سنوورەکەمان زەوی بەسەر هیچ فەرمانبەرێکدا دابەش نەکراوە کە لە دوو ساڵی رابردووەوە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە، بۆ ئەوەش سەرقاڵی گۆڕینی رەگەزی زەوی کشتوکاڵین بۆ نیشتەجێبوون و نەخشەسازی زەوییەکان. کارەکان تەواو کران، دابەشکردن دەستپێدەکات".
لە سنووری پارێزگای دهۆک 70 هەزار و 907 رەزامەندی وەرگرتنی زەوی دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 7 هەزار کەس زەوییان وەگرتووە.
بەگوێرەی شارەوانیی دهۆک بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە 6 هەزار و 146 پارچە زەوی دابەشکراون.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ