بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران: رێگەی سۆران-چۆمان مەترسی داڕمانی لەسەرە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران دەڵێ، بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەم ساڵ و کۆنی رێگەکانەوە زیانێکی زۆر بەر رێگەوبان کەوتووە و رێگەی نێودەوڵەتیی سۆران-چۆمانیش مەترسی "داڕمانی یەکجاری" لەسەرە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بایی زیاتر لە  10 ملیار دینار رەزامەندی پرۆژەیان هەیە، بەڵام بەهۆی گرفتی نەختینەوە بەڵێندەر وەریناگرێ. 
 
رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا رایگەیاند: "بەهۆی بارانبارینی ئێجگار زۆر و شاخاویبوونی ناوچەکە، لە بەشێک لە ناوچەکان رێگەکان تووشی داڕمان بوون. زۆربەی ئەم رێگەیانە مێژووی دروستکردنیان بۆ ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و بۆ بارهەڵگری گەورە دیزاین نەکراون."
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، مەترسیدارترین خاڵی رۆچوون لە نزیک بازگەی جوندیانە لە رێگەی سۆران-چۆمان و گوتی: "ئەو رێگەیە کە شادەماری بازرگانیی دەروازەی حاجی ئۆمەرانە کە ئێران بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، تووشی رۆچوون بووە و بەشێکی رێگەکە و دیواری پاڵپشتییەکەی تێکچووە. ئێستا کۆمپانیایەکی تایبەت خەریکی دیزاینە بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ بکرێ، چونکە مەترسی هەیە رێگەکە بە تەواوی دابخرێ."
 
خوسرەت سادق باسی لەوەش کرد، لە ئەگەری بڕینی رێگەکە، رێگەی جێگرەوە وەک "گەرووبێژ و هاملتۆن" بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک هەن، بەڵام بارهەڵگرەکان ناتوانن ئەو رێگانە بەکاربهێنن، چونکە پردەکان بەرگەی کێشی زۆر ناگرن.
 
کۆنیی ئامێرەکان و گرفتی کۆمپانیاکان
 
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان، ئەندازیار خوسرەت سادق گوتی، ئامێرەکانیان کۆنن و هەربۆیەش زۆرجار لە کاتی کاردا پەکیان دەکەوێ، کە ئەمەش وادەکات پەنا بۆ بەکرێگرتنی ئامێری کەرتی تایبەت ببەن.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران باسی لەوەشکرد، رەزامەندی زیاتر لە 10 ملیار دیناریان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەوبان لە سنووری سۆران هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کۆمپانیاکان کەمتر دێنە پێشەوە بۆ وەرگرتنی تەندەری پڕۆژەکان.
 
سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە گەلی عەلی بەگ، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران گوتی: "ئەو رێگەیە کێشەی ئەندازیاری نییە و زیاتر لە 10 ساڵە چاککراوە، بەڵکو کێشەکە خێرایی لێخوڕینی شۆفێرانە. رێگەکانی ئێمە نابێت خێرایی تێیاندا لە 60 کیلۆمەتر زیاتر بێت. لەو شوێنانەی کامێرای چاودێریمان داناوە، رووداوەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە."
 
خوسرەت سادق گوتی، تیمەکانیان لە چوار ناوچەی خەلیفان، سۆران، رواندز و چۆمان بەردەوام لە کاردان بۆ چاککردنەوەی رێگەی گوندەکان و رێگە سەرەکییەکان تاوەکو لە وەرزی گەشتیاریدا زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکێشی هاونیشتمانی و هاووڵاتییان بکەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە