رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پارەدان بە سواڵکەران لە گەڕەک و ترافیکلایتەکاندا نادروستە. گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت، دەبێت پارەی خێر بەو کەسانە بدرێت کە هاونیشتمانی دڵنیایە لە کەم داهاتی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا کە سەر بە یەکێتی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانە بڵاویکردەوە، بەهۆی پرسیارکردنی خەڵکەوە سهبارهت به "دیاردهی ناشیرینی" سواڵکردن له كۆڵان و شوێنە گشتییەکان، فەتوایەکیان دەرکردووە.
لە فەتواکەدا هاتووە: "كاری سواڵکردن له شهرعدا حهرام و نادروسته، مهگهر بۆ كهسێك كه به تهواوی پێویست بێت و هیچ سهرچاوهیهكی داهاتی نهبێت و له راستیدا ههژار و نهدار بێت".
لەبارەی هاوکاریکردنی سواڵکەرانەوە لە خاڵێکی فەتواکەدا هاتووە: "هاوكاریكردنی ئهو جۆره سواڵکەرانە به پارهی زهكات یان به پارهی خێریش نادروسته، چونكه نازاندرێت به دڵنیایی كه ئایا شایستەن یان نا".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوا دەکەین خێر تەنیا بەو هەژارانە بدرێت کە کەسی خێرخواز خۆی دەیناسێت و دڵنیایە کە پێویستی بە هاوکارییە، نەوەک ئەوانەی لە شەقامەکانن".
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەو منداڵانە کردووە لە شوێنە گشتییەکان سواڵ دەکەن و رایگەیاندووە: "منداڵان بههیچ شێوهیهك نابێت هاوكاری بكرێن، بهڵكو پێویسته ئامۆژگاری بكرێن، چونكه هاوكاریكردنیان دهبێته مایهی هاندانیان لهسهر ئهو كاره".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە رێگەی دەزگا پەیوەنیدارەکانەوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ بنبڕکردنی "ئەو دیاردە ناشهرعی و ناشیرینه، كه نامۆیه به شكۆ و رهوشتی بهرزی كوردهواری".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ