مەسروور بارزانی بەزۆرینەی دەنگ بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوزەندکرا

11-06-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لەکۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوزەندکرد
بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لەکۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوزەندکرد
نیشانەکردن مەسروور بارزانی
A+ A-
رووداو - هەولێر 

پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لەکۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوزەندکرد. 

ئەمڕۆ سێشەممە 11-6-2019 پەرلەمانی کوردستان لە دەنگدانێکی ئاشکرادا مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان ناوزەندکرد. 

پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ ئەم بڕیارە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رابسپێردرێت.

رۆژی 28- 5- 2019 ، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا ‌و رۆژی 10ی حوزەیرانیش لە مەراسیمێكدا سوێندی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان خوارد.

مەسروور بارزانی:

مەسروور مەسعود مستەفا بارزانی
2ی ئاداری 1969 لە گوندی دیلمان لە ناوچەی باڵەکایەتی لەدایکبووە
خێزاندارەو خاوەنی سێ کوڕ و کچێکە
لە ساڵی 1985 لە تەمەنی 16 ساڵی بووەتە پێشمەرگە
زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن خوێندووە
بڕوانامەی ماستەری لە ئاشتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەدەستهێناوە
لە کۆنگرەی 12 لە ساڵی 1999بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی و هەر لەو ساڵەدا بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی
لە کۆنگرەی 13 لە ساڵی 2010 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ساڵی 2005 دەزگای خێرخوازیی بارزانی دامەزراندووە
لە 8ی تەممووزی 2012 بووەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی فەخری بۆردی زانکۆی ئەمریکییە لە دهۆک 


سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "مەسروور بارزانی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بۆ کابینەی نوێ رابسپێرێت".

فراکسیۆنی پارتی لە هەڵبژاردنی 30-9-2018 بە بەدەستهێنانی 45 کورسی پەرلەمان بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن. 

لەدوای راسپاردنی مەسروور بارزانی، گەڕێکی دیکەی دانوساندنەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری پێکهێنانی کابینەکە بکەن.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە