رووداو - دهۆک
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بەشێک لە زانکۆ و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و باخچەکانی ساوایان لە سنووری پارێزگای دهۆک پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نەبوون بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئەمساڵ، کە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رێژەی 10% و 25% یان راگەیاندبوو.
لە 15-10-2019 وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەمکردنەوەی کرێى خوێندن بەڕێژەى (25%) لە سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیاند، هەروەها وەزاەتی پەروەردەش لە 11-5-2020 بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی رێژەی (10%) بۆ گشت قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان دەرکرد و لە 20-5-2020 بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە کردەوەو راشیگەیاند، هەر قوتابخانە و پەیمانگەیەک سەرپێچی بکات جیا لە سزای دارایی، رێگای پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئاییندە قوتابی وەربگرێت.
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بە دیاریکراویش لە بەرنامەی (بەکاتی دهۆک) لە رادیۆی رووداو، کە هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆک و لیژنەی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستانی هێنایە سەر هێڵ، دەرکەوت کە 10 لە قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان و بەشێک لە زانکۆکانیش لە پارێزگای دهۆک قوتابیانیان ناچارکردووە پارەی تەواو بدەن و پارەی تەواویشیان لێوەرگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆکیش دەڵێ تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵایان لەلایەن کەسوکاری قوتابیانەوە بۆ نەچووە، داوا دەکەن هەر قوتابخانەیەک پارەی تەواوی وەرگرتبێت دەتوانن سکاڵای خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆک تۆماربکەن، بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەدواداچوونەکەی کردووە، دەڵێ، کەسوکاری قوتابیان دوو داواکارییان هەیە، یەکێک لە داواکارییەکەیان ئەوەیە بڕیارەکانی حکومەت لە سەرجەم قوتابخانە و باخچەی ساوایان و زانکۆ و پەیمانگە ناحکومییەکان جێبەجێ بکرێت، هاوکات وادەیەک بۆ قوتابیان دانراوە بەتایبەت قۆناخی چوارەمی زانکۆ ئەگەر بێت و لەو وادەیە قیستی کۆتایی نەدەن، ئەوا بڕوانامەیان پێنادرێت.
لەسەر هەمان بابەت، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونی زیاتر دەکەن و نابێت هیچ قوتابخانە و باخچەیەک هەبێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکات.

.jpg&w=3840&q=75)
