ئایا هەولێر، دهۆک و کەرکووک کەوتوونەتە سەر هێڵی بوومەلەرزە؟

11-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شارەزایەکی کەشناسی و بوومەلەرزە دەڵێت، بەهۆی جووڵانی پلێتەکانی ژێر زەوییەوە گۆڕان لە هێڵی بوومەلەرزەی ناوچەکەدا روویداوە؛ لەمەودوا هەولێر، کەرکووک، دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەونە سەر هێڵی بوومەلەرزە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان دانی پێدا نانێت، بەوەی چالاکی هێندە بەرز تۆمارنەکراوە تاوەکو ئەو بانگەشەیە بسەلمێنێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان، ئاراستەی هێڵی بوومەلەرزەی ئێستا شارەکانی هەولێر، کەرکووک، دهۆک، دەربەندیخان، موسڵ، کەلار و کفریی دەگرێتەوە و کەوتوونەتە سەر هێڵی بوومەلەرزە".
 
لەو بارەیەوە، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆربەی بوومەلەرزەکان لە ناوچەی بەریەککەوتنی دوو پلێتی ژێر زەوی روودەدەن، کە ئەویش لە ئەنجامی پاڵەپەستۆ و گوشاری نێوان پلێتەکانەوەیە، بەڵام هەموو چالاکییەکی بوومەلەرزەش ناکەونە سنووری بەریەککەوتنی نێوان پلێتەکان کە ئەویش بەهۆی لێکترازان و لاوازی توێکڵی زەوییەوەیە لە ناوچەکانی دوور لە پلێتەکە".
 
لەبارەی جووگرافیای هەولێر و پلێتەکانی ژێرییەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە تۆماری بوومەلەرزەدا لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ بوومەلەرزەیەکی بەرچاو لە هەولێر و دەوروبەری تۆمار نەکراوە، کە ئاماژە بێت بۆ چالاکی ئەو هێڵەی کە بە نزیک هەولێردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە کۆکراوە و تۆماری گشت بوومەلەرزەکانی ناوچەکەدا لە 118 ساڵی رابردوو لە ناوچەکەمان روویداوە، ئەوا چڕی رووداوەکانی بوومەلەرزە دەکەوێتە ناوچەی چیاکانی زاگرۆس بە درێژایی 1500 کیلۆمەتر لە باکوورەوە و بۆ باشوور".
 
محەممەد کەمال لەم بارەیەوە دەڵێت، "راستە ئێستاش بەتاڵبوونەوەی بوومەلەرزە لە ناوچە شاخاوییەکان سەرەکییە لە هێڵی زاگرۆس، بەڵام وەکو جووڵانی پلێتەکان و گۆڕانی رێڕەوی بوومەلەرزەکان کەوتوونەتە نێو سەنتەری شارەکانەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەنێو چەندین هەڵسەنگاندن دا بۆ دیارکردنی شوێنێک وەکو ئەوەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزە بێت، پێشنیازی جیاواز هەن، یەکێک لەوانە پشتی بەستووە بە چالاکی بەرزی بوومەلەرزە [کە لە سنووری هەولێر کەمە].
 
بەگوتەی فازڵ ئیبراهیم، نەبوونی چالاکی بەرزی بوومەلەرزە لە دەیان ساڵی رابردوودا لە هەولێر، پاڵپشتی کەوتنە سەر هێڵی بوومەلەرزەی شارەکە ناکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارهەڵگرێک لە هەولێر کە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی نوێی بارکردووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل قەدەخە کرا و مەرجی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانرا

وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی راگەیاند، کە لەمەودوا قەدەخەکردنی مۆدێلی ساڵانە لە 1ـی مانگی 11ـەوە دوو مانگ پێش دەخرێت. راشیگەیاندووە، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایە بۆ چوار ساڵی داهاتوو قەدەخەیە و "هاوردەکردنی توک تۆک بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە".