رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێ، 20ـی ئەم مانگە دوایین کاتە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی حەج. ئاماژە بەوەش دەکات، لە 40 هەزار داواکاری نزیکەی8 هەزاریان هەڵەیان تێدایە و چاک نەکرێن ناویان ناچێتە تیروپشکەوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوهكو ئهمڕۆ 68 هەزار و 400 کەس لە زیاتر لە 40 هەزار داواکاریدا ناویان بۆ حهجی ساڵی داهاتوو نووسیوە".
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی و دوایین رۆژیش بۆ داواکاردنی چوونە حەجی ساڵی داهاتوو، 20ـی ئەم مانگەیە.
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت: "ناونووسین بۆ حهج بهردهوامە بێ ئهوهی هیچ كهسێك سهردانی هیچ شوێنێك بكات و هیچ بڕه پارهیهك بدات و هەر لە ماڵەوە داواکاری پێشکێش دەکەن".
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەکرد: "7 هەزار و 789 داواکاری ئەلیکترۆنی تۆمار کراون کە لە خانەی پاشهكهوتكردندا ماونەتەوە و پێویستە تەواوی بکەن و پشتڕاستی بکەنەوە، بەپێچەوانە ناویان ناچێتە سیستمی تیروپشکەوە و بە تۆمارکراو هەژمار ناکرێت".
فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە رێگەی کورتەنامەوە ئەو کەسانە ئاگادار دەکاتەوە، کە کێشە لە مامەڵەکانیاندا هەیە.
کاروان ستوونی گوتی: "ئێستا سەرقاڵی وردبینین لە ناوەکان، لە مانگی داهاتوودا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێت، کە دەچنە حەجی ساڵی داهاتوو".
پێشتر ناونووسین بۆ حەج لە رێگەی فۆرمەوە بوو، هەر کەسێک فۆرمەکەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف وەردەگرت و دوای پڕکردنەوە دەیگەڕاندەوە شوێنی خۆی و 25 هەزار دیناری لێوەردەگیرا.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ