رووداو - هەولێر
لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندەران دیسان بارەگاکانی پارتیان کردە ئامانج، لە سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە، سەیدسادق، قەڵادزێ ، رانیە، پێنجوێن و چەمچەماڵ خۆپیشاندان بەڕێوەچوون، لەزۆربەی ناوچەکانیشدا خۆپیشاندەران چوونە بەردەم بارەگاکانی پارتی و بەبەرد هێرشیان کردە سەر بارەگاکان.
ئەوەی جیاوازبوو لە خۆپیشاندانەکان دوێنێدا بە دیاریکراویش لە کاتی سووتاندنی بارەگای پارتی لە کەلار هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان دروشمی بژی ئاپۆیان دەگوتەوە.
لە کەلار لە کاتی هێرشکردنە سەر بارەگای لیژنەی ناوچەی کەلار، خۆپیشاندەران بە ئاشکرا هاوار دەکەن بژی ئاپۆ و هێرشدەکەنە سەر ناوچەی پارتی و دەیسووتێنن.
ماوەیەکە خۆپیشاندان لە کوردستان لەلایەن چین و تویژەکان بەهۆی دواکەوتنی مووچە دەکرێت، بەڵام رۆژی هەینی لە قەڵادزێ تووندوتیژی لێکەوتەوەو رۆژی شەممە شوێنەکانی دیکەشی گرتەوە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکانیش لە خۆپیشاندانکاندا بەشداربووەکان بە ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان و درووشمی بژی ئاپۆ هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی پارتی.




